رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حەمدی یەکێکە لەو بازرگانە دەگمەنانەی میسر کە پێی بە جەرگی خۆیدا ناوە و بازرگانی بە ژەهری دووپشکەوە دەکات.
محەممەد حەمدی، خاوەن کۆمپانیای کایرۆ ڤینۆم بۆ کۆکردنەوەی ژەهری دووپشک دەڵێت "دووپشکەکان کە لە میسردان تایبەتمەندیی جیاوازیان لە دووپشکەکانی دیکەی جیهان هەیە. لەنێو میسردا 26 جۆر دووپشک تۆمارکراون، لەنێویاندا 8 جۆر هەن کە باشترین و گرانترین ژەهریان هەیە و ئێمەش لەسەر ئەو 8 جۆرە کاردەکەین".
ژەهری دووپشک وەکو پێکهاتەیەکی گرنگی دروستکردنی هەندێک دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنرێت، وەکو دەرمانی دژە ڤایرۆسی هەوکردنی جەرگ؛ بەڵام کۆکردنەوەی ژەهری دووپشک کارێکی ئاسان نییە.
خاوەنی کۆمپانیای کایرۆ ڤینۆم بۆ کۆکردنەوەی ژەهری دووپشک باس لەوە دەکات "پرۆسەی دەرهێنانی ژەهر بە ورووژاندنی کلکی دووپشکەکە دەبێت بە رێگەی کارەبا، هاوکات شلەیەکی سوێر لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت تاوەکو تەزووی کارەباکە بە هەموو جەستەی دووپشکەکەدا بڵاوببێتەوە و دەمارەکانی دووپشکەکە هانبدات و ژەهرەکە دەربکات".
هەرچەندە کارەکەی حەمدی قورس و پڕ لە ریسکە، بەڵام نرخی زۆری ژەهری دووپشکەکان، هانی زیاتر گەشەدانی کارەکەی دەدات.
نرخی هەر گرامێک لە ژەهری دووپشک لەنێوان هەشت هەزار بۆ 30 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، ئەوەش بەگوێرەی جۆری دووپشکەکە و شوێنی دۆزینەوەی.
بۆ کۆکردنەوەی یەک گرام لە ژەهری دووپشک، پێویستت بە زیاتر لە هەزار و 500 دانە دووپشکە.
حەمدی کە بە 100 دانە دووپشک دەستیپێکردووە، ئێستا زیاتر لە 80 هەزار دانە دووپشکی هەیە و لە مانگێكدا زیاتر لە 100 گرام ژەهر کۆدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ