رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریایی: کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی دەریای سوور دەکەین

11-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە چەند رێوشوێنێکی کردەیی لەبارەی گرژی و قەیرانەکانی دەریای سوور بگرنە بەر و چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ ئەو کەشتییانەی بەو دەریایەدا گەشت و بازرگانی دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە، 11-02-2024، رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریایی IMO  کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەرپرسیارە لە ئاسایشی ئاوی، رایگەیاند، "ماندوونەناسانە کار بۆ چارەسەکردن و وەستاندنی قەیرانەکانی دەریای سوور دەکەین کە بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی کاڵاکان لەسەر ئاستی جیهانی."
 
گرووپی حووسییەکانی یەمەن "کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان دەکرێت" لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە "وەک هاوسۆزییەک بۆ فەلەستینییەکان" بە دەیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و دەڵێن، "رێگە نادەین کەشتییەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی سەر بە ئیسرائیلن هاتووچۆ بکەن."
 
هەرچەندە ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک هێرشیان کردە سەر چەند پێگە و ئامانجێکی حووسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی یەمەن، حووسییەکان هێشتا لە هەڕەشە و هێرشەکانیان بەردەوامن. سێشەممەی رابردوو، 06-02-2024، حووسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتیی "ستار نەیژا"ـی ئەمریکی و "مۆرنینگ تاید"ـی بەریتانی.
 
حووسییەکان دەڵێن، "بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی ئێمەن."
 
ئارسێنیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێکخراوەکە گوتی، "هەموو لایەنەکان کاردەکەن بۆئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئەم بارودۆخە چیدیکە فراوان نەبێت و بگەڕێینەوە ژینگەیەکی دەریایی پارێزراو."
 
دۆمینگێز لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە کە لە لەندەنە گوتی، "بێ ماندووبوون کاردەکەین بۆ ئەوەی هاوئاهەنگیی بکەین و بگەینە چارەسەرێک."
 
دەریای سوور ناوچەیەکی گرنگی بازرگانیی جیهانییە و ٪12ـی بازرگانیی ئاویی جیهان بەو دەریایە و گەرووی بابول مەندەبدا تێدەپەڕێت.
 
چەندین کۆمپانیای کەشتی و بازرگانیی ئاوی بڕیاریانداوە گەشتەکانیان لەو دەریای رابگرن و لەجیاتی دەریای سوور کەشتییەکانیان ئاراستەی دەورووبەری ئەفریقای باشوور بکەن کە کات و نرخێکی زۆرتر لەسەر کۆمپانیاکان دەکەوێت.
 
سەرۆکی IMO  لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمە چارەسەر نییە و نرخی گواستنەوە و کاڵاکان زیاد دەکات."
 
دۆمینگێز جەختی لەوەش کردەوە کە لێکەوتەکانی ئەو هێرشانە لەوەش زیاترن، "کەشتییەکانی سووتەمەنی زیاتر بەکاردەهێنن، کەشتیوانەکان لە دەوامی خۆیان زیاتر لە دەریا دەمێننەوە و مەترسیی زیاتر دەکەوێتە سەر ژیانیان."
 
ئەو سەرۆکەی رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجی رێکخراوەکەی خۆی روونکردەوە، "ئامانجمان ئەوەیە چەند رێوشوێنێکی کردەیی بگرینەبەر بۆ ئەوەی کەشتییەکان لە گەشتی خۆیان بەردەوام بن."
 
لەکۆتاییدا ئارسێنیۆ دۆمینگێز گوتی، "گەشبینم بەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە دەزۆرێتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە