رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە حەماس "هەموو بارمتەکان" ئازاد نەکات، ئەوا جەنگ دەستپێدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەوکات "هەموو دەرگاکانی دۆزەخیان" بەڕوودا دەکەنەوە.
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەگەر حەماس تاوەکو نیوەڕۆی شەممە (15ی شوبات) هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات، ئاگربەست کۆتایی دێت." دەشڵێت، بە کۆتاییهاتنی ئاگربەست "سوپای ئیسرائیل دەست بە شەڕی حەماس دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی حەماس تەواو تێکدەشکێندرێت."
هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە لە حەماس دەکات کە "ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکات، دەرگاکانی دۆزەخیان بەڕوودا دەکەینەوە."
سوپای ئیسرائیل هێزی زیاتر دەنێرێتە غەززە
دوای راگەیێندراوەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای وڵاتەکە رایگەیاند، بڕیاریان داوە هێزی سەربازیی زیاتر بنێرنە کەرتی غەززە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە بکەن.
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا کە "دۆزەخ بەرپا دەکات،" ئەگەر تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە ئازاد نەکرێن. ئەمڕۆش گوتی، پێشبینی ناکات حەماس بتوانێت تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات.
هۆشداریی ئەمریکا و ئیسرائیل و نیگەرانیی حەماس
هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە حەماس هەڕەشەی کرد، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژی رێککەوتنی ئاگربەست، ئازادکردنی کۆمەڵەی شەشەمی بارمتەکان دوادەخات.
ئاگربەستەکە 19ی کانوونی دووەم چووە واری جێبەجێکردنەوە، بۆئەوەی کۆتایی بە 15 مانگ لە جەنگی کەرتی غەززە بهێنێت. تاوەکو ئێستا حەماس 5 کۆمەڵە بارمتەی ئیسرائیلیی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کردووە.
بەڵام لەو کاتەوەی ترەمپ پێشنیازی دەستبەسەرداگرتنی غەززە و راگواستنی دانیشتووانی خستەڕوو، گرژییەکان زیاتر بوون. ترەمپ گوتی، ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا داوا دەکات کۆتایی بە ئاگربەستەکە بهێندرێت.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە، ئەگەر هەموو بارمتەکان تاوەکو کاژێر 12:00ی رۆژی شەممە ئازاد نەکرێن، کە بە بڕوای من ئەوە کاتێکی گونجاوە، من دەڵێم هەڵیوەشێننەوە و هەموو شتێک دەکرێت رووبدات؛ لێدەگەڕێم دۆزەخ بەرپا ببێت."
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا کە 42 رۆژە، بارمتەکان بە چەند گەڕێک ئازاد بکرێن.
ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیززەدین قەسامی باڵی سەربازیی حەماس، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئازادکردنی کۆمەڵەی داهاتووی بارمتەکان "کە بۆ رۆژی شەممە، 15ی شوباتی 2025 دانرابوو، تاوەکو کاتێکی نادیار دوادەخرێت."
گوتەبێژەکەی قەسام گوتیشی، تاوەکو ئیسرائیل بە مەرجەکانەوە پابەند نەبێت، بارمتەکان ئازاد ناکرێن.
بەگوێرەی مەرجەکانی ئاگربەستەکە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمدا، حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 1900 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات؛ تاوەکو ئێستا 21 بارمتە ئازاد کراون.
رۆژی شەممە 08-02-2025 حەماس و ئیسرائیل پێنجەم کۆمەڵەی بەندکراو و بارمتەکانیان ئاڵۆگۆڕ کرد. حەماس سێ بارمتەی پیاو و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازاد کرد.
لە راگەیێندراوەکەی قەسامدا هاتووە، ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی "پێشێلکارییەکانی" ئیسرائیلیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە لە سێ هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل پابەندی مەرجەکان نەبووە.
قەسام دەڵێت، "دواخستنی کردنەوەی رێگەی باکووری غەززە، تەقەکردن و بەئامانجگرتنی خەڵکی غەززە لە ناوچەی جیاوازی کەرتەکە، هەروەها رێگەنەدان بە هاتنە ناوەوەی هاوکاریی مرۆیی، هەروەک رێککەوتنیان لەسەر کرابوو. لە بەرامبەردا حەماس پابەندی هەموو خاڵەکان بووە."
بڕیارە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست لە دەوحە دەستپێبکەنەوە. هەریەک لە قەتەر، میسر و ئەمریکا نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماسن. ئامانجی قۆناخەکە ئازادکردنی بارمتەی دیکە و دانانی نەخشەڕێگەی راگرتنی یەکجارەکیی جەنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ