ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووت و باشووری لوبنان چڕ دەکاتەوە؛ نزیكەی 760 هەزار کەس ئاوارە بوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانی چڕی بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت و چەندین ناوچەی باشووری لوبنان دەستپێکرد. ئەمە دوای ئەوە دێت، لوبنان لە هەفتەی رابردووەوە بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل (وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی) لە جەنگێکی گشتگیردا تێوەگلاوە.
 
درەنگی شەوی سێشەممە 10-03-2026 ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان (NNA) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل "ژێرخانی حیزبوڵڵا"یان لە بەیرووت پێکاوە. لە یەکێک لە هێرشەکاندا کە ماتۆڕسکیلێکی کردبووە ئامانج، کەسێک کوژرا. هەروەها لە شارۆچکەی (جوەیا) لە باشووری وڵاتەکە، سەرۆکی شارەوانی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانی لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا گیانیان لەدەستدا.
 
لە شاری (سوور) ئیسرائیل بۆردوومانی تیمەکانی فریاکەوتنی کرد؛ وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دوو بریندار و ئەو تیمانەی بۆ رزگارکردنیان هاتبوون، پێکەوە کوژران. لیژنەی تەندروستیی ئیسلامیی سەر بە حیزبوڵڵا رایگەیاند، لە 2ـی ئادارەوە 15 کارمەندی تیمەکانیان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
 
حیزبوڵڵا رایگەیاند، چەکدارەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزە وشکانییەکانی ئیسرائیل لە نزیک شارۆچکە سنوورییەکانی (خیام و عەدەیسە). هەروەها مووشەکیان ئاراستەی بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری شاری حەیفا کردووە. حیزبوڵڵا دەڵێت، لە نزیک شارۆچکەی (عەیتەروون) بە چەکی سووک و مامناوەند رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە.
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی حکومەتی لوبنان، تاوەکو ئێستا 759,300 کەس وەک ئاوارە تۆمار کراون، کە 122,600یان لە ناو پەناگە فەرمییەکاندا نیشتەجێن. یاریگەی وەرزشیی کامیل شەمعون لە بەیرووت بووەتە یەکێک لە گەورەترین پەناگەکان.
 
فاتیما شەحادە، دایکی 4 منداڵە کە لە گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت هەڵاتووە، دەڵێ: "کاژێر 2 شەو بە پێ بەڕێکەوتین و شەومان لە دەرەوە بەسەر برد تاوەکو گەیشتینە ئێرە." مەلەک جابریش کە دایکی 3 منداڵە و ماڵەکەی بۆردوومان کراوە، دەڵێ: "دوو رۆژ لە ژێر پردێک ژیاین، ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە دەبێت لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە."
 
لەسەر ئاستی سیاسی، نووسینگەی جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان رایگەیاند، ئەو و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رێککەوتوون لەسەر پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات. ئەمە دوای ئەوە دێت کە سووریا حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی شەوی رابردوو تۆپبارانی خاکی سووریای کردووە.
 
پێشتر عەون حیزبوڵڵای تۆمەتبار کردبوو بەوەی دەوڵەت بەرەو "داڕمان" دەبات و ئامادەیی بەیروتی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی. لە بەرامبەردا، محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا، بەڵێنی دا کە بە هەر نرخێک بێت بەرگری لە بوونی خۆیان دەکەن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە