داخستنی تەنگەی هورمز؛ وڵاتانی کەنداو بۆ بازرگانی پەنا بۆ رێگەی دیکە دەبەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەژێر گوشاری هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو پەنایان بۆ رێڕەوی گواستنەوەی جێگرەوە و رێکاری تووند بردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە بازرگانی و خۆراکییەکان.
 
رۆژی 2ی ئادار، ئێران هەڕەشەی کرد هەر کەشتییەک هەوڵ بدات بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت، دەیکەنە ئامانج. ئەمەش وەک بەشێک لە وەڵامی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتەوە بەردەوامە. هەروەها، ئێران هێرش دەکاتە سەر ئەو شوێنانەی کە بە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان دەزانێت لە وڵاتانی کەنداو، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە و ئوردن، بەڵام هەندێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوون و زیانیان بە دامەزراوەکانی مەدەنی و وزە گەیاندووە.
 
ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو شەش وڵات لەخۆدەگرێت: سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، کوێت و عومان. ئەم شەش وڵاتە نزیکەی 85%ی پێداویستییەکانی خۆراکیان هاوردە دەکەن، ئەمەش بەهۆی کەمیی زەویی کشتوکاڵی و سەرچاوەی ئاوەوەیە.
 
بەپێی میدیاکانی وڵاتانی کەنداو، هاوردەکردنی خۆراک بۆ وڵاتانی کەنداو پشتی بە تۆڕێکی بەرفراوانی زنجیرەی دابینکردنی جیهانی بەستووە و گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە رێڕەوی سەرەکییە. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کپلەر"، وڵاتانی کەنداو لە ساڵی 2025دا نزیکەی 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵەیان هاوردە کردووە، کە زۆربەی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بووە.
 
رێڕەوی جێگرەوە
 
دوای هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز، چوار وڵاتی کەنداو رایانگەیاند رێڕەوی جێگرەوەیان بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لە رێگەی بەندەری دەریایی، رێگەی وشکانی و هێڵی ئاسنینەوە دابینکردووە. 
 
عومان
 
وەزارەتی گواستنەوەی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کەرتی گواستنەوەی وشکانی ئامادەیە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لە رێگەی بەندەرەکانی عومانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.
 
ئیمارات
 
نووسینگەی راگەیاندنی ئیمارەتی ئەبوزەبی رایگەیاند، کۆمپانیای شەمەندەفەری ئیتیحاد بەردەوامە لە گواستنەوەی کاڵاکان لە رێگەی تۆڕی هێڵی ئاسنینەوە، کە یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی.
 
قەتەر
 
لە 7ی ئادار، ژووری بازرگانیی قەتەر داوای لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە کرد خۆیان لە سیستمی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی بە بارهەڵگر  "TIR"  تۆمار بکەن، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی.
 
سعودیە
 
دەتوانێت هەندێک لە هاوردەکانی لە رێگەی بەندەرەکانییەوە لەسەر دەریای سوور وەربگرێت و دواتر بە رێگەی وشکانی بیانگوازێتەوە بۆ ناوخۆی شانشینەکە یان بازاڕەکانی دیکەی کەنداو.
 
رێکاری یەکلاکەرەوە
 
وڵاتانی کەنداو کاریان کردووە بۆ دڵنیاکردنەوەی بەکارهێنەران و دابینکردنی کۆگای ستراتیژیی کاڵاکان.
 
ئیمارات
 
لە 3ی ئادار، وەزارەتی ئابووری ئاشکرای کرد، سیستمی چاودێرییان بە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵییەوە بەستووەتەوە کە بە 627 خاڵی فرۆشتنەوە گرێدراوە و رێگە دەدات بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێریی نرخی کاڵا سەرەکییەکان بکرێت. وەزارەتەکە دڵنیایی دایە بەکارهێنەران کە "کۆگایەکی ستراتیژیی کاڵا سەرەکییەکانیان هەیە کە بەشی پێداویستیی بازاڕەکان بۆ ماوەی 4 بۆ 6 مانگ دەکات." 
 
قەتەر
 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، کۆگای ستراتیژیی خۆراکیان بەشی زیاتر لە 6 مانگ دەکات.
 
بەحرێن
 
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی رایگەیاند، کۆگای ستراتیژیی کاڵا خۆراکییە سەرەکییەکان "تەواو و سەلامەتە" و نرخەکان جێگیرن.
 
کوێت
 
راستەوخۆ هەنگاوی ناوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کاڵاکان و نرخەکانیان. رۆژی 2ی مارس، وەزارەتی بازرگانی بڕیاری دا هەناردەکردنی هەموو کاڵا خۆراکییەکان قەدەخە بکات و نرخەکانیان بۆ ماوەی مانگێک جێگیر بکات. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە