رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەیانی چوارشەممە شەپۆلێکی نوێ و بەرفراوانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر چەندین ئامانجی ئیسرائیلی و ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکرد. میدیای فەرمیی ئێران ئەم هێرشانەی وەک "چڕترین و قورسترین" هێرش لە دەستپێکی جەنگەوە وەسف کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەم هێرشانە بۆ ماوەی سێ کاژێری بەردەوام بوون و تێیدا شارەکانی تەلئەڤیڤ، حەیفا و ئۆرشەلیم/قودس بۆردوومان کراون.
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، ژمارەیەکی زۆر مووشەکیان دەستنیشان کردووە کە بەرەو وڵاتەکەیان هاتوون و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان چالاک کردووە.
سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، "چەندین ئامانجی ئەمریکی لە شاری هەولێر" لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بنکەی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن بە مووشەکی بالیستی بۆردومان کراون. میدیای ئێران رایگەیاند، تەنیا بۆ سەر بنکەکەی بەحرێن و سێ دامەزراوەی دیکە لە هەرێمی کوردستان، "کۆمەڵێکی زەبەلاح" لە مووشەکی بالیستی بەکارهێنراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، سعودیە و ئیمارات رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین مووشەک و درۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان تێکشکاندووە. لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران جارێکی دیکە هۆشداری دا کە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی "نەیوێراوە" لە تەنگەی هورمز نزیک بێتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پۆستە سڕاوەکەی کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا کە گوتبووی هێزی دەریایی یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووە.
لە 28ـی شوباتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئەو وڵاتە، شەپۆلێکی گەورەی لە وەڵامە مووشەکییەکانی تارانی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ