پێشهاتەکانی جەنگ؛ ئاماری کوژراوان گەیشتە نزیكەی 2,000 کەس و تاران رووبەڕووی کارەساتی ژینگەیی دەبێتەوە

11-03-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وەک تاکە بڕیاردەری داهاتووی جەنگ دژی ئێران نیشان دەدەن. لە کاتێکدا ئاماری قوربانییەکان بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی دەبێتەوە.
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ خۆی بڕیار دەدات کەی 'خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج'ـی ئێران بەدی هاتووە." پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد سوپا "زۆرترین بژارە"ـی خستووەتە بەردەم ترەمپ و ئەویش "کۆنتڕۆڵی خێرایی جەنگەکەی" لەدەستە.
 
بەپێی ئامارەکانی پێنتاگۆن، تاوەکو ئێستا 7 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 140 سەربازیش بریندار بوون، برینی 8یان زۆر سەختە.
 
ئێران؛ زیانە گیانییەکان و وێرانیی ژێرخان
 
کوژراو و بریندار: لانیکەم 1,940 کەس لە دەستپێکی جەنگ کوژراون، کە زۆربەیان لە ئێرانن. وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردەوە، ژمارەی بریندارەکان 15,000 کەسی تێپەڕاندووە.
 
هاووڵاتییانی ئێرانی دەڵێن هێرشە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ماڵ، قوتابخانە، مزگەوت و نەخۆشخانەکانیان پێکاوە. 
 
ئاسمانی تاران بە دووکەڵی چڕی کۆگەکانی نەوتی سووتاو داپۆشراوە و بارانی رەش باریوە. پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە مەترسیی درێژخایەنی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و دەمار بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان و کانزا قورسەکان لە هەوادا.
 
لوبنان؛ گەورەترین شەپۆلی ئاوارەبوون
 
قەیرانی مرۆیی لە لوبنان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئاژانسی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نزیكەی 700,000 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون. تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 100,000 کەس ناوی خۆیان وەک ئاوارە تۆمار کردووە. خەڵکێکی زۆر لە ناو قوتابخانەکان، ئۆتۆمبێلەکان و سەر شۆستەکاندا دەخەون.
 
ناوچەی کەنداو و سعودیە
 
ئیمارات و قەتەر رایانگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان چەندین مووشەکی ئێرانییان لە ئاسماندا تێکشکاندووە. لە سعودیە، بەرگریی شارستانی بڵاویکردەوە. درۆنێک لە باکووری شاری ریاز کەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ خەڵکی ئێران گوتی: "ئێمە بارودۆخ بۆ ئێوە دەڕەخسێنین تاوەکو چارەنووسی خۆتان وەرگرنەوە." 
 
لە لایەکی دیکەوە، ناوەندێکی پزیشکی لە نزیک تەلئەڤیڤ رایگەیاند، پیاوێک بەهۆی برینی هێرشە مووشەکییەکەی رۆژی دووشەممە گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتە 14 کەس (12 سڤیل و 2 سەرباز).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە