رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزای ئەڵمانی رایدەگەیێنێت کە سەرجەم گەشتەکانی بۆ تاران وەستاندووە، هۆکارەکەشی بۆ خراپی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاندووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی نیسانی 2024، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزا لە راگەیێندراوێکدا راگرتنی گەشتەکانی کۆمپانیاکەی بۆ تاران راگەیاند و گوتی، "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین و لەگەڵ بەرپرسان لە پەیوەندیداین".
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، سەرجەم گەشتەکانی چوون و هاتنی هێڵە ئاسمانییەکە بۆ تاران لە 6ـی نیسانەوە راگیراون و پێدەچێت تاوەکو 11ـی نیسان بەردەوام بێت.
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو، لەو کاتەوە چاوەڕێ دەکرێت ئێران کاردانەوەی هەبێت و وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەسی لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی خۆی پشتڕاستکردەوە و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد و ئەمریکاشیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە هێرشەکە تێوەگلاوە.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاند بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".
بەرپرسانی وڵاتەکە و تەنانەت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە وەڵامیان دەبێت.
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ