رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بەوەدا نا کە دانوستاندنەکانی ئەم جارە لەگەڵ ئەمریکا "سەخت و راشکاو" بووە و رایگەیاند، "لەم گەڕەدا پرسەکانی جێی ناکۆکیی دوو وڵات زیاتر باس کران." جەختیشی کردەوە، "لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان، سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر دەبێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ناوبژیوانیی عومان لە مەسقەتی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕیوەچوو. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکای کرد.
دوای کۆتاییهاتنی گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکان، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان، سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر دەبێت."
عەباس عێراقچی گوتی: "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستانەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە."
بە گوتەی عێراقچی، لەم گەڕەی دانوستاندندا پرسەکانی جێی ناکۆکیی دوو وڵات زیاتر باس کران و جەختی کردەوە، "هەڵوێستی هەردوولا تا رادەیەک لە یەکدی نزیکتر بووەتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی "پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران"، دوو تەوەری سەرەکیی دانوستاندنەکانن و رایگەیاند: "بە بڕوای ئێمە پیتاندن بابەتێکە کە دەبێت بەردەوام بێت و هیچ بوارێک بۆ سازشکردن لەسەری نییە. رەنگە ئێمە سنووردارکردن بۆ رەهەند، قەبارە، ئاست و بڕەکەی دابنێین بۆ ئەوەی متمانە دروست بکەین، بۆ نموونە بۆ ماوەیەک سنوورێکی بوێ دابنێین، هاوشێوەی جاری پێشوو، بەڵام خودی بنەمای پیتاندن بە هیچ شێوەیەک دانوستاندنی لەسەر ناکرێت."
عەباس عێراقچی لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانیش دەڵێت: " ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لە دانوستاندن، بێگومان هەڵگرتنی سزاکانە. هەڵگرتنی سزاکان لە هەر هەلومەرجێکدا یەکێکە لە بناغەکانی دانوستاندنەکانمان و ئەمەش هەردوولا لەسەری کۆکن."
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "بڕیارماندا ئەم دانوستاندنانە بەردەوام بن. رێککەوتن کراوە کە کۆبوونەوەی داهاتوو بکرێت، بەڵام کات و شوێنی گەڕی داهاتوو بەپێی پلانی هەردوولا رێکدەخرێت و ئەوەش لە ئەستۆی وەزیری دەرەوەی عومان دەبێت."
بڕیاربوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان، لە 3ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچن، بەڵام دواخرا و بەرپرسانی عومانیش هۆکاری دواخستنی گفتوگۆکانیان بۆ کێشەی لۆجیستی گەڕاندەوە.
پێشتر هەردوولا رایانگەیاندبوو، لەو گفتوگۆیانە پێشڤەچوون هەبووە، بەڵام هێشتا ناکۆکی هەیە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
مەرجی ئەمریکا بۆ ئێران ئەوەیە، واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و بنکەکانی ئەتۆمییە گرنگەکانی هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی هەینی، 9ی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە پێگەی برایتبارتی ئەمریکی رایگەیاند، "بەرنامەی پیتاندن نابێت هەرگیز لە دەوڵەتی ئێراندا هەبێت. ئەمە هێڵی سوورە، کەواتە دەبێت بەرنامەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، واتە هەرسێ بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فوردۆ و ئەسفەهان هەڵبووەشێندرێنەوە".
بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێش ئەوەی بەرەو عومان بەڕێبکەوێت، دووبارە هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم یەکێکن لە شکۆمەندی و دەستکەوتەکانی نەتەوەی ئێران." جەختیشی کردەوە، بنکە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم "سازشیان لەسەر ناکرێت."
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر تاران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ