رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک ژن و منداڵی غەززە نۆرەیان بۆ وەرگرتنی خواردن گرتووە. وێنە: Abed Rahim Khatib/Anadolu
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی رێگرییەکانی ئیسرائیل، توانیویەتی تەنیا بڕێکی کەمی ئارد بگەیێنێتە نێو کەرتی غەززە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کەسانی چەکدار و ئەو خەڵکەی بەدەست برسێتیی تووندەوە دەناڵێنن، دەستیان بەسەر زۆربەی ئاردەکەدا گرتووە. خەڵكی غەززەش دەڵێن، سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی هاوپەیمانی، ناهێڵن یارمەتیی مرۆیی وەربگرن و لە کاتی رۆیشتنی خەڵک بۆ بنکەکانی وەرگرتنی خۆراک، سەرباز و چەکدارەکان تەقەیان لێ دەکەن.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رێکخراوەکەیان 4600 تۆن ئاردیان لە رێگەی دەروازەی کەرەم سالمەوە ناردبووە غەززە، کە ئەوە تاکە دەروازەیە ئیسرائیل رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بەکاریبهێنێت.
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد کە رێکخراوە مرۆییەکانی کەرتی غەززە مەزەندە دەکەن، کەرتی غەززە پێویستی بە 8000 تاوەکو 10 هەزار تۆن ئارد بێت بۆئەوەی هەر خێزانێک فەردە ئاردێکی بەر بکەوێت.
فەرحان حەق گوتی، "زۆربەی ئەو ئاردە لەلایەن خەڵکی پەرێشان و لەڕادەبەدەر برسییەوە بردرا پێش ئەوەی بگاتە شوێنی دابەشکردنی. لە هەندێ شوێنیش، ئاردەکە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تاڵانکران." هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد رێگە بدات یارمەتیی زیاتر بنێردرێتە غەززە.
هاوکات ژمارەیەک ئاوارەی غەززە بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکییان راگەیاندووە، لەکاتی رۆیشتنیان بۆ وەرگرتنی ناوەندەکانی وەرگرتنی خۆراک، کە لە لایەن رێکخراوێکی سەر بە ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەڕێوەدەبردرێن، لە لایەن سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی هاوپەیمانییەوە، تەقەیان لێ دەکرێت.
بە گوتەی گەواهیدەرەکان، رۆژی دووشەممە، دوای کوشتنی چواردە کەس، سەربازەکان و چەکدارەکان کشاونەتەوە شوێنی جێگیربوونی سوپای ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەم دواییانە دانی بەوەدا نا، کە چەک و پشتیوانی پێشكێش بە ژمارەیەک چەکداری نێو غەززە کردووە تاوەکو دژی حەماس شەڕ بکەن، لە کاتێکدا ئەو چەکدارانە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لقێکن لە داعش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ