رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ئامادەیە لەماوەی ئاگربەستێکی 60 رۆژەدا دانوستاندن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە بکات، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کەرتی غەززە لە چەک دابماڵرێت.
رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر راگرتنی کاتیی جەنگ، شاندەکانی ئیسرائیل و حەماس لە دەوحە دەستیان بە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ کرد.
رۆژی چوارشەممە 09-07-2025، نەتەنیاهوو گوتی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژەی کردووە لە بەرامبەر ئازادکردنی نیوەی ئەو 20 بارمتە زیندووەی کە هێشتا لە غەززەن.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە واشنتنەوە رۆژی پێنجشەممە 10-07-2025 گوتی: "لەسەرەتای ئەم ئاگربەستەوە، بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە شەڕەکە، دەچینە ناو دانوستاندنەکانەوە."
نەتەنیاهوو گوتیشی، مەرجە بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل ئەوەن کە حەماس چەکەکانی دابنێت و چیدیکە توانای حکومڕانی و چەکداریی نەمێنێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەمە لە رێگەی دانوستاندنەوە بەدەستبهێنرێت، زۆرباشە. ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژدا لە رێگەی دانوستاندنەوە بەدەستنەهێنرێت، ئەوا بە رێگەی دیکە بەدەستی دەهێنین، بە بەکارهێنانی هێز، هێزی سوپا قارەمانەکەمان."
رۆژی چوارشەممە، حەماس رایگەیاند، رەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو دەربڕیوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دژی رێککەوتنێکە کە هێشتا سەربازانی ئیسرائیل لە غەززە بمێننەوە.
هەروەها داوای گەیشتنی بێ سنووری هاوکارییەکان کرد بۆ ناو کەرتەکە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە مرۆییەکە و "گەرەنتیی راستەقینە" بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەماسی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستیی بێبەزەیی" ناوبرد و گوتی دەیەوێت هەموو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون ئازاد بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ