سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان: رێککەوتنی ئاشتیی نێوان باکوو و یەریڤان لە بەرژەوەندیی کوردە

11-08-2025
پەیمان محەممەد
 زابت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
زابت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان دەڵێت، رێککەوتنی ئاشتیی نێوان یەریڤان و باکوو لە بەرژەوەندیی کوردانی ناوچەکەدایە دەشڵێت ''دوای رێککەوتن، ئەو گوندانەی دانیشتووانەکەی کورد بوون، بەهۆی شەڕی دوو وڵاتەکەوە چۆڵکرابوون، ئاوەدان دەکرێنەوە.''
 
رۆژی دووشەممە، 11-08-2025، زابت مەمەدۆڤ، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی کوردی وڵاتەکە دوای کردنەوەی رێگەی نێودەوڵەتیی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی رایگەیاند، ''ئەو رێککەوتنەی ئاشتی، بۆ کوردانی ئازەربایجان زۆر گرنگ و پێویستە، لەبەر ئەوەی لە زەنگەزووری رۆژهەڵات دەژین.''
 
بە گوتەی زابت مەمەدۆڤ ئەو "رێڕەوە ستراتیژی"یەی بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کرایەوە، بە نێو شوێنی نیشتەجێبوونی کوردانی ئازەربایجاندا تێدەپەڕێت و بە "پێشهاتێکی باش"ـی دەزانێت.
 
لە ماوەی رابردوودا بەھۆی ناكۆكییەكانی قەرەباخ و رێڕەوی زەنگەزوور، ئەو دوو وڵاتە چەندین جار بە نێوەندگیریی مۆسکۆ کۆبوونەوە، بەڵام ھیچ كام لە كۆبوونەوەكان ئەنجامی ئەرێنییان نەبوو. سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان دەڵێت: ''ئێستا رێککەوتنەکە، کۆتایی بە جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە هێناوە کە زیاتر لە 35 ساڵ لەئارادا بوو.''
 
رێگەی ترەمپ لە ناخچیڤانی سەر بە ئازەربایجان کە سنووری لەگەڵ توركیاش هەیە دەستپێدەکات و بە نێوەڕاستی باشووری ئەرمینیا لە زەنگەزوور تێدەپەڕێت و ناوچەكە بە باکووی پایتەختی ئازەربایجان دەبەستێتەوە. بە گوتەی زابت مەمەدۆڤ، ''رێگەی ترەمپ، ناوچە کوردنشینەکانی ئازەربایجانیش بە تورکیا و لەوێشەوە بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، بۆیە لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە سوودێکی زۆری بۆ ئێمە و بەتایبەتی بازرگانانی کورد دەبێت.''
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان ئاماژەی بە وێرانبوونی ژمارەیەک گوندی تایبەت بە کورد کرد بەهۆی جەنگی نێوان دوو وڵاتەکەوە و دەڵێت، ''لەدوای رێککەوتنی ئاشتی، ئەگەری زۆرە گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە، چونکە خەڵک هەر دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و حکومەتیش ئەو کات ئاوەدانیان دەکاتەوە''. 
 
''کورد زیانمەندی یەکەمی جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە بووە''
 
ناکۆکی و جەنگیی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر قەرەباخ و رێڕەوی زەنگەزوور، قوربانی و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە. زابت مەمەدۆڤ پێیوایە زیانمەندی یەکەمی جەنگەکە، کورد بووە، ئێمە لەسەر سنوور دەژین. پێویستە راگرتنی شەڕ بەردەوام بێت.''
 
لە هەردوو لای سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کورد دەژین. وەک سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان گوتی، ''بەهۆی جەنگەوە، کوردی نیشتەجێی دوو وڵاتەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەمابوو، رێگە بە تێکەڵبوونمان نەدەدرا، بەڵام دوای ئەو رێککەوتنە، ئێمە دەتوانین دووبارە پەیوەندیمان هەبێت.''
 
بە گوتەی زابت مەمەدۆڤ، کورد لە هەردوو وڵاتەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان رادیۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردییان هەیە و دوای رێککەوتنی ئاشتی دەتوانن "پێکەوە بخوێنن و لێکۆڵینەوە بکەن، ئەمەش بۆ کولتوور، زمان و مێژوو شتێکی زۆر پێویستە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازەربایجان پێشبینی ناکات لە داهاتوودا شەڕ لەنێوان دوو وڵاتەکە رووبداتەوە و دەڵێت، ''ئێستا هیچ کام لە وڵاتەکان خوازیاری شەڕ نین و تێڕوانینێکی لەو شێوەیەیان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان نییە''.
 
ئازەربایجان و ناخچیڤان 32 کیلۆمەتر لە یەكدی دوورن و خاکی ئەرمینیا ئەو دوو بەشە لە یەکدی جیا دەكاتەوە؛ واتە ئازەربایجان سنوورێکی راستەوخۆی لەگەڵ ناخچیڤان نییە. زابت مەمەدۆڤ دەڵێت، ئامانجی یەکەمی باکوو لەو رێککەوتنە، بەستنەوەی راستەوخۆی ناخچیڤانە بە خاکەکەی.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی ئازاربایجان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناخچیڤانیشدا کورد دەژین، ''پێشتر هاتووچۆ لەنێوان ناخچیڤان و ئازەربایجان لە رێگەی فڕۆکەوە بەسەر ئێراندا دەکرا، بەڵام دوای کردنەوەی رێڕەوەکە، هاتووچۆی نێوانیان زۆر ئاسانتر دەبێت و بە ئۆتۆمبێل کەمتر لە کاژێرێک دەخایێنێت.'' 
 
9ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "پیرۆزبایی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەم." هەروەها سوپاسی نێوەندگیریی ترەمپیشی کرد. 
 
زابت مەمەدۆڤ سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ پەیامەکەی و دەڵێت، ''دڵخۆش بووین سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی رێککەوتنەکەی کرد. تێڕوانینی بەڕێزیان بۆ ئێمە زۆر گرنگە.''
 
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، رێگەی TRIPP لە چوارچێوەی یاساکانی ئەرمینیا کاری لەسەر دەکرێت و لە ژێر چاودێری ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت.
 
رێككەوتنەكە رێگە خۆشدەكات بۆ سەرلەنوێ دانانی رێڕەوی ئاسنین، بۆڕیی نەوت و گواستنەوەی ھێڵی فایبەر ئۆپتیک لە نێوان ھەرێمەكاندا. ھاوكات ئامانجێكی سەرەكیی دیكەی ئەم رێككەوتنە كەمكردنەوەی ھەژموونی رووسیایە لە ناوچەكانی باشووری قەوقاز و بەھێزكردنی پێگەی ئەمریكاشە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە