رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا پۆلێنکردنی خۆی بۆ چەکدارانی جوداخوازی هەرێمی بەلوچستانی باشووری رۆژئاوای پاکستان وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" بەرز کردەوە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئابی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان (BLA)ـی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە (FTO)، کە بەپێی یەکگرتووەکان، پێشکێشکردنی هەر جۆرە پشتیوانییەک بۆ ئەم گرووپە بە تاوان دادەنرێت.
پێشتر واشنتن سوپای رزگاریخوازی بەلوچستانی لە ژێر ناونیشانێکی دیکەدا پۆلێن کردبوو، ئەویش "تیرۆریستی جیهانیی بە تایبەتی دیاریکراو" (SDGT) بوو، کە زیاتر سەرچاوە داراییەکانی دەکردە ئامانج.
ئەم هەنگاوە نوێیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان زیاتر بەرەوپێشەوە بردووە.
پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات لە سەردەمی ئیداری بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سارد و سڕ بوون، هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە واشنتن لە رۆڵی ئیسلام ئاباد لە شەڕی 20 ساڵەی ئەفغانستان نیگەران بوو.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "دیاریکردنی جوداخوازان وەک تیرۆریست، پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە، هێزەکانی پاکستان شەڕی جوداخوازانی بەلوچ دەکەن، کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس لەم هەرێمە دەوڵەمەند بە کانزایەدا.
لە مانگی ئاداردا، سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر شەمەندەفەرێک راگەیاند کە 450 سەرنشینی هەڵگرتبوو.
پاکستان بەردەوام هیندستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە پاڵپشتی یاخیبووەکان دەکات، نیودەلهیش رەتیدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ