رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیێنێت، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە چەند ناوچەیەک جووڵەی دنەدەرانە و گوماناوی دەکەن. هۆشداریی دەدات کە "ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە".
هەسەدە ئەمشەو (دووشەممە، 11-08-2025) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ماوەی چەند رۆژێکە دنەی هێزەکانیان دەدەن، بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچکەی دێر حافر و گوندەکانی دەوروبەری.
هەسەدە دەڵێت: "ئەو هێزانە بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست"، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانیان "پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و وەڵامی ئەو دنەدانە بەردەوامانەیان نەداوەتەوە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەکانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا وەڵامیان بدەینەوە."
سەبارەت بە دۆخی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرووپەکانی سەر بە حکومەت لەوێش کۆبوونەتەوە و پشکنینیان چڕکردووەتەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەردەوام بە ئاسمانی هەردوو گەڕەکەکە دەسووڕێنەوە، کە بە "دنەدانێکی ئاشکرا" ناوی بردووە. هەروەها ئاشکرای کردووە یەکێک لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە یەکێک لە گەڕەکەکاندا تەقێنراوەتەوە.
هەسەدە پێیوایە، ئەم هەوڵانە بە پێشێلکاریی ئاگربەست و ناکۆک لەگەڵ گیانی ئەو رێککەوتننامەیە دادەنرێن کە ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە 1ی نیسانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆی کردووە، ئەمەش بووەتە جێی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە و سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.
هەسەدە داوا لە حکومەتی سووریا دەکات "رەفتاری ئەو توخمە لەیاسادەرچووانە کۆنترۆڵ بکات" و رێگە نەدات ببنە هۆی "هەرەسهێنانی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکانی نێوانمان." هەروەها داوایکردووە دووربکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە گرژییەکان زیاد دەکات و پارێزگاری لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە شاری حەلەب و ناوچەکانی دیکەدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ