لە شەڕی نێوان فەلەستینییەکانی لوبنان شەش کەس کوژران

11-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێنج رۆژە شەڕی نێوان گرووپی شەباب موسلیم لەگەڵ چەکدارانی بزووتنەوەی فەتحی فەلەستینی لە کەمپی عەین حلوە، گەورەترین کەمپی پەنابەرانی فەلەستینی لە شاری سەیدای لوبنان، دەستیپێکردووەتەوە بەوهۆیەوە تاوەکو ئێستا شەش کەس کوژران. 
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، لقی لوبنانی مانگی سووری فەلەستینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ژمارەی ئەوانەی کە لە پێکدادانەکە کوژراون بۆ شەش کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
تائێستا شەڕی نێوان هەردوو گرووپە فەلەستینییەکە بەردەوامە و بەرپرسانی لوبنانیش ئاماژە بەوە دەکەن، بەشێک لە دەروازەکانی چوونە نێو کەمپەکەیان داخستووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەدان خێزان ناچاربوون کەمپەکە جێبهێڵن.
 
رۆژی 5-9-2023، بۆ دووەم جار شەڕی نێوان هەردوو بزووتنەوەی فەتحی نزیک لە مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین و گرووپی شەباب موسلیم، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە حەماس و جیهادی فەلەستینییە، دروستبوو، دوای ئەوەی ئەوەی دووەمیان ئامادە نەبووە کە تۆمەتباری کوشتنی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی فەتح رادەستی دادگەی لوبنان بکەن. 
 
شەڕەکە، سەرەتا لە 30ـی تەممووزی ئەمساڵ دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی فەتحی نزیک لە مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین، گرووپەکەی دیکەی، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە حەماس و جیهادی فەلەستینین، تۆمەتبار کرد بەوەی سەرکردەیەکی سەربازیی بزووتنەوەی فەتحیان کوشتووە. شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس لە هەردوولا.
 
54 هەزار فەلەستینی لە کەمپی عەین حلوەی لوبنان دەژین؛ جگە لەم کەمپەش، 11 کەمپی دیکەی پەنابەرانی فەلەستینی هەن کە بە تێکڕا 250 هەزار فەلەستینییان تێدایە. لە نێویشیاندا گرووپی چەکداری جۆراوجۆری فەلەستینی هەن، کە هەندێکیان دژ بەیەکن و جاروبار پێکدادان لەنێوانیاندا روودەدات.
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە