رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزەی سووریا و سندووقی گەشەپێدانی سعودیە یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆکرد، کە بەپێی یاداشتەکە سعودیە بڕی ملیۆنێک و 650 هەزار بەرمیل نەوتی خاو وەک هاوکاری دەداتە سووریا، بە ئامانجی "پشتیوانیکردن لە کەرتی وزە" لەو وڵاتە.
محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی پشتیوانیی شانشینی سعودیەیە بۆ سووریا و کاریگەرییەکی باشی دەبێت لە بەدیهێنانی گەشەپێدان و دووبارە بنیاتنانەوە".
بەشیر ئاماژەی بەوەشکرد، نەوتی خاو دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی بانیاس بۆ پاڵاوتن و پاشان وێستگەکانی سووتەمەنی دابین دەکرێن بە بەرهەمە نەوتییە بەرهەمهێنراوەکان.
سوڵتان بن عەبدولڕەحمان مورشید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی گەشەپێدانی سعودیە، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە سووریام بە رێنمایی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتن لەسەر یارمەتییەک کە شانشینی سعودیە لە رێگەی سندووقی گەشەپێدانی سعودییەوە پێشکەشی دەکات."
بەپێی ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سووریا، هاوکارییەکە بڕی ملیۆنێک و 650 هەزار بەرمیل نەوتی خاوە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی وزە لە سووریا.
مورشید ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم یارمەتییە درێژکراوەی هەوڵەکانی سعودیەیە لە هەموو ئاستەکاندا بۆ پشتگیریکردنی گەلی سووریا."
لە 28ی مانگی رابردوودا، وەزارەتی وزەی سووریا رێککەوتننامەیەک و شەش یاداشتی لێکگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیا سعوودییەکان لە بوارەکانی نەوت و کارەبا واژۆکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ