رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، هەرگیز دەوڵەتی فەلەستین دروست نابێت.
نەتەنیاهوو لە رێوڕەسمی واژۆکردنی پڕۆژەیەک قسەی کرد کە تایبەتە بە دروستکردنی ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی گەورە بۆ جووی هاوردە لە کەرتی رۆژئاوا.
نەتەنیاهوو گوتی: "بەڵێنی خۆمان جێبەجێ دەکەین کەوا هەرگیز دەوڵەتێک بە ناوی فەلەستینەوە نابێت، ئەم خاکە، خاکی ئێمەیە."
ناوچەی نیشتەجێبوونەکە لە رۆژهەڵاتی قودس/ ئۆرشەلیم دروست دەکرێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "ئێمە میرات، خاک و ئاسایشمان دەپارێزین. دانیشتووانی شارەکە دوو هێندە دەکەین."
ئیسرائیل لە مێژە هەوڵی دروستکردنی ناوچە نیشتەجێبوونەکە دەدات کە بە E1 ناسراوە، بەڵام بەهۆی گوشاری نێودەوڵەتییەوە، ماوەی چەند ساڵ بوو پلانەکەی راگرتبوو.
مانگی رابردوو، بیتسەلئیل سمۆتریچ، وەزیر راستڕۆی توندڕۆی دارایی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ دروستکردنی 3 هەزار و 400 ماڵ لەسەر ئەو خاکە داگیرکراوەی فەلەستین راگەیاند کە دەکەوێتە نێوان قدس/ئۆرشەلیم و مەعالی ئەدومیم.
قسەکانی سمۆتریچ سەرکۆنەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە. ئەنتۆیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئەو ناوچەیە کەرتی رۆژئاوا دەکاتە دوو بەشی لەیەکدابڕاو و دەبێتە هەڕەشەیەکی بنەڕەتی بۆ دەوڵەتی فەلەستین.
بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، هەموو ئەو ناوچە نیشتەجێبوونانەی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا دروستی کردوون، نایاسایین.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە کەرتی رۆژئاوای داگیر کردووە.
ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوا، لە نێویاندا بەریتانیا و فەرەنسا، رایانگەیاندووە کە ئەم مانگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.
بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەگەر ئیسرائیل جەنگی غەززە نەوەستێنێت، ئەوا دان بە فەلەستیندا دەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ