رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی هاککەرانی تورکی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارە تەلەفۆنی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە.
گرووپەکە دەڵێت، یەکێک لە ئەندامانی، پەیوەندیی ڤیدیۆیی بۆ کاتس کردووە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە.
هاککەرەکان سکرینشۆتێکی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەیان بڵاو کردەوە.
لە پەیوەندییەکەدا، هاککەرەکان کاتسیان جنێوباران کرد.
کاتز یەکسەر پەیوەندییەکەی داخست.
لەو بارەیەوە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کاتس نووسیویەتی: "گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان لە وڵاتی جیاجیای سەرانسەری جیهانەوە پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی تایبەت و نهێنیمەوە دەکەن و نامەی جنێو و هەڕەشەم بۆ دەنێرن. با لە پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن بەردەوام بن. منیش بەردەوام دەبم لە فەرمانکردن بە لەنێوبردنی ئەندامانیان کە سەرکردەی تیرۆرن."
ماوەی چەندین ساڵە کاتس هەمان ژمارە تەلەفۆنی هەیە و لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، کەوتووەتە دەستی زۆر گرووپ.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، جگە لەو پەیوەندییە ڤیدیۆییە، کاتس ژمارەیەکی یەکجار زۆر نامەی هەڕەشە ئامێز و پڕ لە جنێوی بۆ رۆشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ