ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان

11-10-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر باشووری لوبنان و بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرۆکی لوبنان هێرشەکە بە "قێزەوەن" ناودەبات، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجەکانی حیزبوڵڵایان پێکاوە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025  ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.
 
جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، رۆژی شەممە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند، "جارێکی دیکە، باشووری لوبنان بووە ئامانجی دەستدرێژییەکی قێزەونی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سڤیلەکان، بێ هیچ پاساو و بیانوویەک."
 
سەرۆکی لوبنان گوتیشی، "مەترسیی ئەم هێرشە نوێیە لەوەدایە کە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە دێت."
 
هێرشە ئاسمانییەکان دەوروبەری شارۆچکەکانی (تبنا) و (موسەیلیح)ـیان لە باشووری لوبنان کردە ئامانج. 
 
سوپای ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، ئامانجەکانی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان پێکاوە و تۆمەتباری کردوون بە بەکارهێنانی ئامێری ئەندازیاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکەیان.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "حیزبوڵڵا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنەوەی ژێرخانەکەی لە سەرانسەری لوبنان و دانیشتووانی لوبنان وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بوونی ئەو ئامێرانە و چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا پێشێلکردنی ئەو لێکگەیشتنانەیە لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی لە قەڵای دێرینی سەڵاحەدینی ئەییوبی لە قاهیرە.

قاهیرە؛ مەسرور بارزانی دوای کۆشکی کۆماری سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەیووبی کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری قاهیرە لەگەڵ سەرۆککۆماری میسر کۆبووەوە و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی کرایەوە. هاوکات سەرۆکی حکومەتی کوردستان سەردانی قەڵای سەلاحەدینی ئەییووبی کرد.