ئیسرائیل لیستی ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی بڵاوکردەوە کە ئازاد دەکرێن؛ مەروان بەرغوسی تێدا نییە

11-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوان دەکرێت ئیسرائیل نزیکەی 2,000 زیندانیی فەلەستینی لە بەرامبەر بارمتەکانی غەززەدا ئازاد بکات. 
 
لیستێک کە ئیسرائیل رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، ناوی مەروان بەرغوسیی تێدا نەبوو، کە بەناوبانگترین سەرکردەی فەلەستینیی زیندانیکراوە. ئیسرائیل ئەو و بەشێک لە زیندانییە بەناوبانگەکانی دیکە بە "تیرۆریست" دەزانێت و لە گۆڕینەوەکانی پێشووشدا رەتیکردووەتەوە ئازادیان بکات.
 
خەلیل حەییە، بەرپرسێکی باڵای حەماس و سەرۆکی شاندی دانوستاندن، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، هەموو ژن و منداڵانی نێو زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان رۆژی دووشەممە دەستپێبکات، ئەمەش بەگوێرەی دوو بەرپرسی میسریی ئاگادار لە گفتوگۆکان و بەرپرسێکی حەماس. هەرچەندە بەرپرسێکی دیکە رایگەیاندووە، رەنگە پرۆسەکە زووتر و لە شەوی یەکشەممەوە دەستپێبکات.
 
کەسوکاری یەکێک لەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە پێدەچێت لە دیلیدا گیانی لەدەستدابێت، دەڵێت خێزانەکەی هیوادارە تەرمەکەی بۆ بەخاک سپاردن بگەڕێنرێتەوە.
 
ستیڤن بریزلی، کە خوشکەکەی، لیان شەرابی و دوو کچە مێرمنداڵەکەی لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023دا کوژران، گوتی: "خێزانی بارمتەکان هەست بە هیوا دەکەن."
 
هاوژینی لیان، ئێلی شەرابی ئازاد کرا، بەڵام پێدەچێت براکەی، یۆسی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە کانوونی دووەمی 2024دا گیانی لەدەستدابێت. خێزانەکە هیوادارن بتوانن تەرمەکەی وەرگرنەوە و بەخاکی بسپێرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە