بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاگربەستی غەززە، ماکرۆن رۆژی دووشەممە دەچێتە میسر

11-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی میسر دەکات بۆ دەربڕینی "پاڵپشتیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە" لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا خستوویەتیەڕوو، ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رۆژی شەممەی کۆشکی ئێلیزێیە.
 
سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن لە سەردانەکەیدا "لەگەڵ هاوبەشەکانیدا قۆناخەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی" تاوتوێ دەکات، بێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە ئایا چاوی بە هاوتا ئەمریکییەکەی دەکەوێت کە ئەویش بە هەمان شێوە سەردانی میسر دەکات.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە بۆ شەرم شێخ "درێژەپێدەری دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسا و سعودیە و ئەو هەوڵانەیە کە مانگی ئەیلوولی رابردوو لە نیویۆرک بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی ئاشتی و ئاسایش بۆ هەمووان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درا، کە لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتییە."
 
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکایەتیی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لە شاری شەرم شێخی میسر دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، کە بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمریکا واژۆ کراوە.
 
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و مارکۆ روبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی، گفتوگۆیان لەبارەی رێکخستنی "لووتکەی شەرم شێخ کرد کە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ" بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەگوێرەی راگەیێنراوێکی رۆژی شەممەی وەزارەتی دەرەوەی میسر.
 
بەرگریی شارستانی لە غەززە رۆژی شەممە رایگەیاند، زیاتر لە نیو ملیۆن فەلەستینی لەدوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکە لە نیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە، گەڕاونەتەوە شاری غەززە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.