رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی دەوحە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی، سیستمی تەندروستیی غەززە لە لێواری داڕماندایە.
کۆربەندی دەوحە رۆژی یەکشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2023، دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی دێت؛ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: "نزیکە سیستەمی تەندروستیی غەززە بە تەواوی تێکبچێت و ئەگەری چەند دۆخێکی خراپتریش هەیە؛ لەوانە نەخۆشییە گوازراوەکان و زیادبوونی گوشارەکان بۆ ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ بۆ میسر. هەروەها گوتیشی،" دۆخەکە بە خێرایی بەرەو کارەساتێک دەڕوات کە ئەگەری هەیە کاریگەرییەکانی بۆ سەر فەلەستینییەکان بە گشتی و بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام بێت".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد گوشارەکانی بۆ رێگریکردن لە کارەساتێکی مرۆیی بخاتە کار و بەڵێنیشی دا کە واز لە هەوڵەکانی لەو پێناوەدا ناهێنێت.
هەروەها لەبارەی سەرنەکەوتنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، محەممەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند: "لەڕاستیدا جیهان لە نێوان دووبەرەدا دابەشبووە کە بەرەیەک داوای کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەکات و هەندێکیش بۆ داواکردنی ئاگربەستیش دوودڵن".
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە بەشداری کۆڕبەندەکەی کرد و رایگەیاند: "هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بێ هۆ نەبووە و ئەنجامی دەیان ساڵەی گەمارۆدان و بەڵێنی جێبەجێنەکراوە بە فەلەستینییەکان، بەوەی دەوڵەتێکیان دەبێت شان بە شانی یەکتر لەگەڵ ئیسرائیلیەکان وەکو دوو دراوسێ بژین". هەروەها دەشڵێت، "دوای هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، دەستیان بە گفتوگۆکردن لەگەڵ باڵی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەپێناو ئازادکردنی بارمتەکان کردووە".
لەو کۆربەندەدا بەرپرسانی ئوردن قسەی خۆیان هەبوو و تێیدا ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: ئێستا جەنگی حەماس و ئیسرائیل لەنێو چوارچێوەی یاسایی جینۆسایدایە و بێهیوان لە بەکارهێنانی ڤیتۆ لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش کە داوای وەستانی جەنگەکەی دەکرد. هەروەها دەشڵێت، "هەموو وڵاتانی عەرەب و موسڵمان داوای سێ ئامانجی لە پێشینە دەکەن؛ ئەوانیش راگرتنی دەستدرێژییەکان، رێگە بە پێویستی مرۆیی بدرێت بگاتە هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە و دڵنیابوونەوەیان لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل".
لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پشتگیریکردنی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل بە واتای دژایەتیکردنی فەلەستینییەکان نایەت؛ "هەموو ئەو ئاگربەستانەی لەگەڵ حەماس کراون لەلایەن بزووتنەوەکەوە پێشێلکراون و هیچ ئاگربەستێک نابێت هەتاوەکو ئازادکردنی بارمتەکان دەستپێدەکات".
محەممەد ئیبراهیم شتییە، سەرۆکوەزیرانی دەسەڵاتی فەلەستین رایگەیاند: "تەنیا ئیسرائیل بەرپرسیار نییە، بەڵکو ئەوانەش بەرپرسیارن کە رێگەیان بە بەردەوامیی کوشتنی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە داوە. بەهۆی بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن ئەمریکاوە دژی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش، پێویستە ئەمریکاش بەرپرسیارێتی بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی رۆژئاوا و غەززە هەڵگبرێت."
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و کەرتی غەززە، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە 19 هەزار و 200 کەس لە هەردوولا کوژراون و 55 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی کەرتی رۆژئاوا، بەهۆی گرژییەکانی کەرتەکەوە 266 کەس کوژراون و سێ هەزار و 365 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ