کەتائیبی سەیدولشوهەدا: دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە کۆتاییان بێت

12-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گرووپى کەتائیبی سەیدولشوهەداى عێراق لەکاردانەوەى بۆردوومانکردنى چەند پێگەیەکى حووسییەکانى یەمەن، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، رایگەیاند پێویستە هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بە "هەموو رێگەیەکى بەردەست" بەردەوام بێت. 
 
گرووپى چەکداریی کەتائیبی سەیدولشوهەداى نزیک لە ئێران لە راگەیێندراوێکدا لە بارى بۆردوومانکردنى چەند پێگەیەکى حووسییەکان لە یەمەن، ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەى، کە "هۆکارى ناسەقامگیریى رۆژهەڵاتى نێوەڕاستن."
 
کەتائیبی سەیدولشوهەدا یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق-ی نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە "مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" دەناسێنن. 
 
ئەو گرووپە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە ئەو مامەڵەیەى ئەمریکا و ئیسرائیل پێویستى بەوەیە، هەنگاوەکان بۆ کۆتاییهێنانیان لە ناوچەکە بەردەوام بێت بە "هەموو رێگەیەکى بەردەست".
 
بەرەبەیانی 12ى کانوونى دووەمى 2024، سوپاى ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی هەریەکە لە کەنەدا، هۆڵەندا، ئوسترالیا و بەحرێن چەند پێگەیەکى حوسییەکانیان لە چوار شارى یەمەن بۆردوومانکرد وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەى کە حووسییەکان دەیانکردە سەر کەشتیەکان لە نێو دەریاى سوور.
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
رۆژی 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە.
 
بەهۆی هەڕەشەکانی حووسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، هەشتیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە