رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایدەگەیێنێت، بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن "تۆزقاڵێک" کێشەی بۆ دروست نەبووە، سەرەڕای زۆربەی باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە جەنگی 40 رۆژەدا بۆردوومان کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، عەلی خزریان، وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی لێژنەکەیانی لەگەڵ مەجید ئیبنولڕەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا پرسە جیاوازەکانی بەرگری و پیشەسازیی مووشەکی و درۆن تاوتوێ کران؛ دەتوانم بڵێم لەم بوارانەدا بچووکترین کێشەمان بۆ دروست نەبووە."
خزریان دانی بەوەدا نا کە هێرش کراوەتە سەر زۆربەی باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران و گوتی: "رژێمی زایۆنی و ئەمریکییەکان رێژەیەکی بەرزی باڵەخانەکانی وەزارەتی بەرگرییان کردە ئامانج؛ ئەمە دەڵێم لەبەر ئەوەی شتێکی نهێنی نییە و خودی دوژمنیش گوتوویەتی، بەڵام ئەوەی ئەوانی سەرسام کردووە ئەوەیە کە سەرەڕای پێکانی باڵەخانە و کۆگاکان، بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن بە هەموو هێزێکەوە بەردەوامە."
ئەو پەرلەمانتارەی ئێران ئاماژەی بە گۆڕینی ستراتیجی سەربازیی وڵاتەکەی کرد لە پرسی بەرهەمهێنانی چەکدا و گوتی: "ئەمجارە لەبری ئەوەی پیشەسازیی بەرگری لە یەک کۆمەڵگەی دیاریکراودا چڕ بکەینەوە، پیشەسازییەکمان بە پانتایی هەموو ئێران دروست کردووە کە پێداویستییە بەرگرییەکانمان دابین دەکات."
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکرد، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8-4-2026، دوای 40 رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن.
رۆژی شەممە، 11ی نیسانی 2026ـیش، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و دانوستاندنەکان شکستیان هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ