سعودیە: هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا بە توانای 7 ملیۆن بەرمیل دەستی بە کارکردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاند، توانای تەواوی پاڵنانی نەوتیان لە رێگەی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا گەڕاندووەتەوە کە رۆژانە دەگاتە نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل. دەشڵێت، ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگەی مونیفە کە بەهۆی هێرشەکانەوە کاریگەریی لەسەر دروست ببوو، گەڕێندراوەتەوە.
 
وەزارەتی وزەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەوڵە تەکنیکییەکان بۆ گەڕاندنەوەی توانای تەواوی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا سەرکەوتوو بوون. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرهەمهێنانی کێڵگەی مونیفە، کە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، لە ماوەیەکی کورتدا ئاسایی بووەتەوە. سەبارەت بە کێڵگەی خورەیس، وەزارەتەکە روونیکردەوە کە کارەکان هێشتا بەردەوامن و هەر کاتێک توانای بەرهەمهێنانی تەواو گەڕایەوە، رادەگەیێندرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم چاکبوونەوە خێرایە نیشانەی لێهاتوویی "ئارامکۆی سعودیە" و سیستەمی وزەی ئەو وڵاتەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، کە متمانەی دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕە ناوخۆیی و جیهانییەکان بەهێز دەکات و پشتیوانی لە ئابووریی جیهان دەکات. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە خێرایی گەڕاندنەوەی بەرهەمهێنان دوای هێرشەکانی ئەم دواییە، راستەوخۆ بەشدارە لە هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی بازاڕە جیهانییەکان.
 
وەزارەتی وزەی سعودیە ئاماژەی بەوەش کردووە، شکستی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، قەیرانی بازاڕەکانی وزە لە رۆژانی داهاتوودا قووڵتر دەکاتەوە. هەر بۆیە هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، چونکە جێگرەوەیەکی ستراتیژییە بۆ هەناردەکردن لە رێگەی دەریای سوورەوە و دوورە لە مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا.
 
پلانێکی سعودیە 45 ساڵ چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکرد
 
سعودیە بۆ چەندین دەەیە خۆی بۆ خراپترین سیناریۆکان ئامادە کردووە. دوای داخستنی تەنگەی هورمز، گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بە پەلە پلانێکی فریاگوزاریی کاراکرد؛ پلانێک کە 45 ساڵ چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکرد بە ئامانجی پاراستنی رەوتی نەوتەکەی.
 
بەردی بناخەی ئەم پلانە، هێڵێکی بۆرییە بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دروستکراوە. ئەمڕۆ ئەم هێڵە بووەتە توخمێکی سەرەکی لە ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هێڵەکە بە درێژایی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەڕوات، لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی رۆژهەڵاتی سعودییەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئێستا لەو بەندەرەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ بارکردنی نەوتی خاوی سعودیە کۆبوونەتەوە.
 
هێڵێک کە هەموو جیهان لێی سوودمەندە
 
رێڕەوی ئەم هێڵە بۆرییە، زمانەیەکی ئاسایشی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر دابینکردنی نەوتی جیهان. لە بارودۆخی ئاساییدا، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت (پێنج یەکی بەکاربردنی جیهان) بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت. بەهۆی داخستنی تەنگەکە و نەبوونی توانای هەناردەکردن، هەندێک لە وڵاتانی بەرهەمهێن ناچاربوون بەرهەمهێنانیان کەمبکەنەوە، بەڵام سعودیە خاوەنی جێگرەوەیەکی گرنگە.
 
جیم کرین، توێژەری بواری وزە لە زانکۆی رایس، بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاندووە: "ئەمڕۆ هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا وەک لێدانێکی ستراتیژیی زیرەکانە دەردەکەوێت. تەواوی ئابووریی جیهان سوود لە کارکردنی ئەم هێڵە وەردەگرێت."
 
پەرەسەندنی رۆڵی ستراتیژیی هێڵە بۆرییەکە
 
ئەم هێڵە بەرهەمی شەڕی ئێران-عێراقە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بۆ پێشەوە. کۆمپانیای "ئارامکۆ" ئێستا پشت بەم سەرمایە "کەمتر ئاڵۆزە" دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارەکانی. هێڵەکە یارمەتیدەر بووە لە بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەندەری یەنبوعەوە بۆ چەندین هێندەی ئاستەکانی پێش جەنگ، کە رۆژانە کەمتر لە 800 هەزار بەرمیل بوو.
 
یەنبوع لە دڵی رووداوەکاندایە
 
لە رووی مێژووییەوە، شاری یەنبوع رۆڵێکی لاوەکی هەبووە بەراورد بە ناوەندە زەبەلاحەکانی وەک جوبەیل و رەئس تەنورە، بەڵام ئێستا "ئارامکۆ" بەشێوەیەکی کاتی چەقی کارەکانی بۆ یەنبوع گواستووەتەوە. ئەم شارە بووەتە خاڵی سەرەکیی پەیوەندی لەگەڵ کڕیارە جیهانییەکان و کۆمپانیاکانی بارکردن.
 
رەگ و ریشەی ئەم ستراتیژییەتە بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، کاتێک سعودیە هەوڵیدا جێگرەوەی ستراتیژی بۆ تەنگەی هورمز بدۆزێتەوە. توانای هێڵەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ نزیکەی 5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا فراوانکرا و ئێستاش ئەگەری بەرزکردنەوەی بۆ 7 ملیۆن بەرمیل هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو لە ناو خاکی لوبنان: هەڕەشەی هێرشی حیزبوڵڵامان بۆ سەر ئیسرائیل نەهێشت

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ناو خاکی لوبنانەوە رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە مەترسیی هێرشی وشکانی و "داگیرکاریی" چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل نەهێڵن. ئەم سەردانە مەیدانییە تەنیا دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆیە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکانی واشنتن کرا.