رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، ئەوانیش هێرشەکانیان زیاتر دەکەن.
ئەمە لە راگەیێندراوێکدا هات کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی حووسییەکانەوە (کە دانپێدانانی نێودەوڵەتی نییە) دەرچووە و ئاژانسی هەواڵی "سەبا"ی سەر بە گرووپەکە بڵاویکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خۆڕاگریی دانوستاندنکاری ئێرانی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان سەرکەوتنێکی نوێیە بۆ کۆماری ئیسلامی و بەرەی مقاوەمە".
هەروەها دەڵێت، "ئەمریکا ویستی لەسەر مێزی دانوستاندنەکان ئەوە بسەپێنێت کە لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە لە مەیداندا نەیتوانی بیسەپێنێت".
هۆشداریشیدا، "لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و بەرەی موقاوەمە، هەڵوێستی یەمەن جێگیرە بە بەشداریی کاریگەر و لە چوارچێوەی رێڕەوێکی پەرەسەندووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا".
جەختیشیکردەوە، "هەر پەرەسەندنێکی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یان لەسەر ئاستی پەرەسەندنی دەریایی، سێبەری نەرێنی بەسەر زنجیرەکانی دابینکردن، نرخی وزە و تەواوی ئابووریی جیهاندا دەکات".
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە گرژیی هەرێمی لە زیادبووندایە، دوای ئەوەی گرووپی حووسییەکان لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوودا، هاتە سەر هێڵی رووبەڕووبوونەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئێران.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران راگەیاند. ئاگربەستەکە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ راگرتنی ئەو جەنگە بوو کە واشنتن و تەلئەڤیڤ لە 28ی شوباتی رابردوودا لە دژی تاران دەستیانپێکرد و هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ