رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایدەگەیێنێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 35 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و بەمەش کۆی گشتیی کوژراوانی ئەو وڵاتە لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبووەوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 35 کەس کوژراون و 152 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەمەش ئاماری قوربانییانی هێرشە بەرفراوان و بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە لە 2ـی ئاداری رابردووەوە بۆ 2055 کوژراو و 6588 بریندار بەرزبووەتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، لە کۆی گشتیی کوژراواندا 165 منداڵ و 252 ژن تۆمارکراون، هەروەها لەنێو بریندارەکانیشدا 644 منداڵ و 1120 ژن هەن.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی و چوونە ناو خاکی لوبنان. لە بەرامبەردا چەکدارانی حیزبوڵڵا رایانگەیاندووە کە رووبەڕووی ئەو هێرشانە دەبنەوە و بە مووشەک و درۆن، پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج.
شەوی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکی تۆمارکراودا هەڕەشەی پەرەپێدانی زیاتری هێرشەکانی لە لوبنان کرد.
نەتەنیاهوو جەختی کردەوە کە تەلئەڤیڤ رەزامەندی لەسەر هیچ دانوستاندنێک نادات، مەگەر بە دوو مەرج: چەکداماڵینی حیزبوڵڵا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی کە بۆ چەندین نەوە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ