رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان، پچڕانی تەواوەتی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری کەرتی غەززە راگەیاند. دەشڵێت، پچڕانەکە بووەتە هۆی پەککەوتنی کارەکانی فریاگوزاری و پرۆسەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پچڕانی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردومانی چڕی سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییدا رایگەیاند.
جەختی کردەوە، پچڕانی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری کەرتی غەززە، بووەتە هۆی پەککەوتنی کارەکانی فریاگوزاری و پرۆسەی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
بەپێی زانیارییەکان، کێبڵەکانی هێڵی گشتیی ئینتەرنێتی غەززە لە بەشی باشووری رۆژئاوای کەرتەکەوە دێت و لە رێگەی چەند ناوەندێکەوە خزمەتگوزاریی پێشکێشی بەشی ناوەڕاست و باشووری کەرتەکە دەکرد.
لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لە شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامیاندا بەهۆیەوە هەشت فەلەستینی کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ