میدیای ئەمریکی: ئەمریکا پێیوایە وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی گیانیی گەورەی دەبێت

12-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، ئەمریکا نیگەرانە لەوەی ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکان زیانی گیانیی گەورەیان دەبێت. 
 
پێگەی ئەکسیۆس لە راپۆرتێکدا دەڵێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە "نهێنی" بە سیناتۆرە کۆمارییەکانی گوتووە، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوا دەکرێت تاران بە هێرشێکی فراوان وەڵام بداتەوە کە زیانی گیانیی گەورەی دەبێت. 
 
ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری رێکنەکەوتنی واشنتن و تاران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هێرش بکاتە سەر ئێران. 
 
ویتکۆف ئاماژەی بەوە کردووە، وەڵامی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل دەکرێت سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل ببەزێنێت و زیانی گەورە بنێتەوە. 
 
ئێران هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، ئەوا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە دەکاتە ئامانج. 
 
ئەمریکاش دەستیکردووە بە کەمکردنەوە و گەڕاندنەوەی ستافی کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەکانی و ئەندامانی خێزانی سەربازەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی ئەگەر شەڕ دروست بوو، زیانیان بەرنەکەوێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کە نایەوێت بڵێت هێرشی ئیسرائیل "زۆر نزیکە" بەڵام "ئەگەرێکی زۆر هەیە رووبدات."
 
ترەمپ جەختیکردەوە کە نایەوێت جەنگ دروست بێت، بەڵام بۆ ئەوە بە "پێویستی دەزانێت" ئێران سازش بکات. 
 
ویتکۆف خۆی بۆ گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان ئامادە دەکات کە رۆژی یەکشەممە لە عومان دەکرێن. دەکرێت کۆتا گەڕ بێت. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاندووە، سیستمە بەرگرییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە بۆ ئەوەی گورز بوەشێنێت. 
 
ئەکسیۆس لە زاری "سەرچاوەی ئاگادار"ـەوە ئاماژە بەوە دەکات، پێنجشەممەی رابردوو، 5ی حوزەیران، ویتکۆف کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ ژمارەیەک سیناتۆری کۆماری کردووە. 
 
ویتکۆف بە سیناتۆرەکانی گوتووە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئێران. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "دواتر ویتکۆف باسی لە توانا مووشەکییەکانی ئێران کرد. ئەمریکا نیگەرانە لەوەی سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل نەتوانن بەرگەی وەڵامی ئێران بگرن ئەگەر سەتان مووشەکی تێدا بەکاربهێنرێن. ویتکۆف بە سیناتۆرەکانی گوتووە، دەکرێت هێرشێکی لەم جۆرە، ژمارەیەکی زۆری قوربانیی لێ بکەوێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، ویتکۆف لە گوتارێکدا لە نیویۆرک باسی لەوە کرد، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران هێندەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
بە گوێرەی هەواڵگریی ئەمریکا، ئێران دوو هەزار مووشەکی بالیستی هەیە کە هەر یەکیان دەتوانێت زیاتر لە 900 کیلۆگرام تەقەمەنی هەڵبگرێت. 
 
زۆر لەو مووشەکانە دەتوانن بە ئاسانی بگەنە ئیسرائیل. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.