رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی سووریا و بەرپرسێکی ئیسرائیل لە پەراوێزی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ ئازەربایجان، لە باکو کۆببنەوە.
رۆژی شەممە 12-07-2025 سەرچاوەکە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، گوتی: "کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسێکی سووریایی و بەرپرسێکی ئیسرائیلیدا لە پەراوێزی ئەو سەردانەی شەرع بەڕێوەدەچێت."
ئیسرائیل یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکییەکانی چەک بۆ ئازەربایجان و چەندین دیپلۆماتی بەرچاوی لەو وڵاتەی قەوقازدا هەیە کە دراوسێی ئێرانی رکابەری سەرسەختیەتی.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە جەختیکردەوە، شەرع خۆی ئامادەی کۆبوونەوەکەی باکو نابێت، کە تیشک دەخاتە سەر "سەربازانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمدا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی لە سووریادا کرد و هەوڵی لەنێوبردنی پێگە سەربازییەکانی دا.
ئیسرائیل هەروەها هێزی رەوانەی ناوچەی دابڕێنەری ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە پێشتر هێزە رکابەرەکانی لە بەرزاییەکانی گۆلانی ستراتیژیدا لێکجیادەکردەوە و لەوێوە ئۆپەراسیۆنی بۆ قووڵایی باشووری سووریا ئەنجامداوە.
شەرع چەندین جار رایگەیاندووە، سووریا لەگەڵ دراوسێکانیدا بەدوای ململانێدا ناگەڕێت و لەبری ئەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گوشار لەسەر ئیسرائیل دروست بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی.
حکومەتەکەی بەم دواییانە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی راگرتنی پێکدادانی ساڵی 1974 کە ناوچە دابڕێنەرەکەی دروستکرد.
ئیسرائیل چەندین جار حکومەتەکەی شەرعی بە "جیهادی" وەسفکردووە، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ قاعیدە، بەڵام کۆتایی مانگی رابردوو، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل ئارەزووی هەیە رێککەوتنێکی ئاشتی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سووریادا واژۆ بکات.
سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا کە میدیای فەرمیی وڵاتەکە قسەکانی گواستبووەوە، لە وەڵامدا رایگەیاند، قسەی لەو شێوەیە "پێشوەختەیە".
لە سەردانێکیدا بۆ لوبنان لەم هەفتەیەدا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا گوتی: "دیالۆگ لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا دەستیپێکردووە."
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شەرع لە ریاز لە مانگی ئایاردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە رۆژنامەڤانانی گوت، هیوای خواستووە سووریا بچێتە پاڵ ئەو وڵاتە عەرەبیانەی دیکە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دروستدەکەن.
ترەمپ رایگەیاند: "(شەرع) گوتی بەڵێ. بەڵام کاری زۆریان لەپێشە."
سەرۆکی سووریا ئەمڕۆ شەممە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤی هاوتای، گەیشتە ئازەربایجان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ