رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی میسر باس لە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی و قەتەر بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیەی فەلەستین دوای جەنگ دەکات.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، بەدر ئەحمەد عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قاهیرە رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەستێکی 60 رۆژی بۆ کەرتی غەززە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی وڵاتەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە دوای جەنگ.
وەزیری دەرەوەی میسر گوتی، پلانەکە بریتییە لە "بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە لەلایەن 15 کەسایەتیی تەکنۆکراتی فەلەستینییەوە لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ شەش مانگ."
وەزیری دەرەوەی میسر جەختی لە یەکخستنی کەرتەکانی غەززە و کەرتی رۆژئاوا لەو پلانەدا کردەوە کە لە ساڵی 2007ەوە یەک نەبوون.
لەبارەی پلانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەست، وەزیری دەرەوەی میسر گوتی: "بە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ قەتەرییەکان و ئەمریکییەکان زۆر بە جیدی کاردەکەین. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ پێشنیازە بنەڕەتییەکە کە ئاگربەستێکە بۆ 60 رۆژ، لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە و زیندانیی فەلەستینی و گەیشتنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ غەززە بەبێ هیچ کۆت و بەند و مەرجێک."
ئەو بەرپرسە باڵایەی میسر ئاماژەی بەوەدا، قاهیرە "بەهۆی جەنگی غەززەوە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە، بەڵام ئێمە دامەزراوەمان هەیە و وەک دەوڵەتێکی خاوەن دامەزراوە مامەڵە دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ململانێیانەی لەم ناوچەیەدا هەن."
عەبدولعاتی جەختی لەوەش کردەوە، میسر "پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا، رووسیا، چین و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ جەنگی غەززە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ