رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات دەڵێت، جێگری باڵیۆزی ئیسرائیلی لە ئەبوزەبی بانگهێشت کردووە، بۆئەوەی سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیلی بۆسەر قەتەر پێ رابگەیێنن.
رۆژی هەینی 12ی ئەیلوولی 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ریم بنت ئیبراهیم ئەلهاشمی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، دەیڤید ئۆهاد هۆرساند، جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئیسرائیلی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بانگهێشت کرد."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئیمارات "بە تووندی هێرشە ئاشکرا و ترسنۆکانەکەی ئیسرائیل کە دەوڵەتی قەتەری کردە ئامانج، سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات."
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەشڵێت، "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتێکی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، بە هێرشکردنە سەر چوارچێوەی ئاسایشی بەکۆمەڵی کەنداو دادەنرێت."
ئیمارات و بەحرێن لە ساڵی 2020 پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد. بەڵام بەردەوام رەخنەیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە گرتووە.
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی مووشەکی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدا شاندەکە سەرقاڵی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پێشنیازێکی ئاگربەست.
قەتەر هێرشەکەی وەک پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرییەکەی شەرمەزارکرد، هەروەها چەندین وڵات کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکە هەبوو، زۆربەیان سەرکۆنەیان کرد.
حەماس گوتی، هێرشەکە لە کاتێکدا روویداوە کە شاندی دانوستاندنکاری بۆ تاوتوێکردنی نوێترین پێشنیاری ئاگربەست کە لە لایەن ئەمریکاوە پێشکێش کراوە لە کۆبوونەوەدا بوون.
سوهەیل هندی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت، هیچ بەرپرسێکی باڵایان نەکوژراوە.
لەنێو ئەوانەی کرابوونە ئامانج، سەرکردە باڵاکانی وەک خەلیل حەییە و خالید مەشعەل هەبوون.
بەگوتەی سوهەیل هندی، لە ئەنجامی هێرشەکە یەکێک لە کوڕەکانی خەلیل حەییە بەناوی هومام، هەروەها یەکێک لە یاریدەدەرە باڵاکانی خەلیل حەییە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ