ئەو ژنە ئیسرائیلییەی لە عێراق ئازادکرا، دۆخی خۆی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو باس دەکات

12-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو ژنە رووسی - ئیسرائیلییەی لە عێراق ئازادکرا، ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی ئیسرائیل چارەسەر وەردەگرێت و بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی گوتووە، لەکاتی دەستبەسەریدا "بە دۆخێکی ناخۆشدا" تێپەڕیوە.
 
ئێلیزابێز تسوورکۆڤ، لێکۆڵینڤانە و تەمەنی 38 ساڵە، هەڵگری وڵاتینامەی ئیسرائیل و رووسیایە.
 
ماوەی دوو ساڵ و نیو بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد، لەلایەن گرووپێکی چەکداری عێراقییەوە دەستگیر کرابوو، رۆژی سێشەممە 9ی ئەیلوول ئازادکرا.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی تسوورکۆڤی بڵاوکردەوە، کە لە نەخۆشخانەیەکی تەلئەڤیڤ چارەسەر وەردەگرێت.
 
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ژنەکە دەشەلێت و دەستی براکەی و کارمەندێکی پزیشکیی گرتووە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەتەنیاهوو قسەی لەگەڵ تسوورکۆڤ کردووە و ئەویش باسی لە "دۆخی سەختی" خۆی لە عێراق کردووە.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، ژنەکە بەدەست ئازارێکی تووندی پشتیەوە دەناڵێنێت و لەکاتی دەستبەسەریدا ئازارەکەی خراپتر بووە.
 
تسوورکۆڤ پێش ئەوەی لە ئاداری 2023 لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە دەستبەسەر بکرێت، نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشتی بۆ کرابوو.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو بڵاویکردەوە، تسوورکۆڤ سوپاسی نەتەنیاهووی کردووە لە بەرامبەر ئەو یارمەتییەی بۆ ئازادکردنی پێشكێشی کردووە.
 
میدیای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل رۆڵێکی زۆر کەمی لە ئازادکردنی تسوورکۆڤدا هەبووە و ئەمریکا و قەتەر رۆڵی گەورەتریان گێڕاوە.
 
راگەیێندراوەکەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بە هەوڵەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ ئادەم بۆیلەر، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتە و گال هیرش، نێردەی ئیسرائیل بۆ کاروباری بارمتەکان لە مسۆگەرکردنی ئازادکردنی تسوورکۆڤدا کردووە.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، تسوورکۆڤ بە سەرۆکوەزیرانی گوتووە کە لە "دۆخێکی سەختدا" دەستبەسەربوو.
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیلی، تسوورکۆڤ لە کاتی دەستبەسەریدا لە عێراق رادیۆیەکی پێبووە و ئاگاداری جەنگی ئیسرائیل و غەززە بووە. 
 
نەتەنیاهوو بە تسوورکۆڤی گوتووە کە "ئەو کار بۆ گەڕانەوەی هەموو بارمتەکان دەکات."
 
تسوورکۆڤ خوێندکاری زانکۆی پرینستنە لە نیوجێرزیی ئەمریکا، لە ئاداری 2023، کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل سەرقاڵی "توێژینەوەیەک" بووە، لە عێراق دەستگیرکرا.
 
تسوورکۆڤ بە پاسپۆرتە رووسییەکەی لە عێراق نیشتبووەوە.
 
ژنەکە بۆ دوو ساڵ و نیو لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە دەستبەسەربوو. گرووپە چەکدارەکە ئەوی بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبارکردبوو؛ تۆمەتێک ئیسرائیل و خێزانەکەی رەتیان کردەوە.
 
دایکی تسوورکۆڤ رایگەیاند، ڤیدیۆ چوار خولەکییەکەی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە تشرینی دووەمی 2023 بڵاوی کردەوە، تاکە سەرچاوەی زانیاری بوو بۆ ئەوان تاوەکو بزانن کچەکەیان لە ژیاندا ماوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی راگەیاندنی ئازادکردنی تسوورکۆڤدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی، ئەو ئەکادیمیستە "دوای ئەشکەنجەدانی بۆ چەندین مانگ" ئازاد کرا.
 
تسوورکۆڤ رۆژی سێشەممە رادەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرا.
 
میدیای سعودیە بڵاویکردەوە، تسوورکۆڤ لە بەرامبەر ئازادکردنی کوڕی بەرپرسێکی باڵای گرووپە چەکدارەکان ئازاد کراوە. بە گوێرەی میدیای سعودیە، کوڕی بەرپرسێکی باڵای یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان لە هێرشێکی مانگی حوزەیران بۆ سەر وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەشداربووە و لەلایەن دامودەزگەکانی دەوڵەتەوە دەستگیرکرابوو، ئێستاش لە بەرامبەر تسوورکۆڤ ئازاد کراوە.
 
ئەم دەنگۆیە لەلایەن بەرپرسانی عێراق، ئیسرائیل یان ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
دوو بەرپرسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان قسەیان بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی کردووە، رایانگەیاند، ئازادکردنی تسوورکۆڤ لە ئەنجامی دانوستاندن بووە، نەوەک لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە.
 
بەرپرسەکان رایانگەیاند، یەکێک لە مەرجەکانی ئازادکردنی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق کە ساڵی رابردوو لە نێوان واشنتن و بەغدا رێککەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها مەرجێکی دیکە ئەوە بووە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش نەکەنە سەر عێراق.
 
سەرچاوەیەک لە کەتائیبی حیزبوڵڵاوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، تسوورکۆڤ ئازاد کراوە بۆ ئەوەی عێراق لە هەر "ململانێیەک" بەدوور بگیرێ.
 
سەرچاوەکە گوتی: "ئەو بەپێی چەند مەرجێک ئازاد کرا، کە گرنگترینیان ئاسانکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو بەبێ شەڕ و دوورخستنەوەی عێراق لە هەر ململانێ و شەڕێک."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.