رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو سێ دیپلۆماتکارە، دوو برینداریش هەن. وێنە: REUTERS/Amr Abdallah Dalsh
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی قەتەر لە میسر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنزیک شارۆچکەی شەرم شێخی ئەو وڵاتە، سێ دیپلۆماتکاریان گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
لە چەند رۆژی رابردوودا، دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان روویان لەو هاوینەهەوارەی میسر لەسەر دەریای سوور کرد بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
کەناڵی "قاهیرە نیوز"ی نزیک لە حکومەتی میسر رایگەیاند، 5 هاووڵاتیی قەتەری و شۆفێرێکی میسری لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کاتێک بەهۆی لە کۆنترۆڵ دەرچوونیەوە، تووشی رووداو بووە.
باڵیۆزخانەی قەتەر لە قاهیرە "خەمباری و پەژارەی قووڵی" خۆی بۆ گیانلەدەستدانی سێ دیپلۆماتکارەکە دەربڕی و رایگەیاند، "ئەمڕۆ تەرم و بریندارەکان بە فڕۆکەیەکی قەتەری دەگوازرێنەوە بۆ دۆحە. دوو بریندارەکەش ئێستا لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی شەرم شێخ چارەسەری پزیشکیی پێویست وەردەگرن."
قەتەر، شانبەشانی میسر و ئەمریکا، چەندین مانگە بەشدارە لەو گفتوگۆیانەی بوونەتە هۆی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، کە بە گوتەی ئیسرائیل، لە رۆژی هەینییەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، شارۆچکەی شەرم شێخ میوانداریی لووتکەیەکی ئاشتی بکات بە سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر. پێشبینی دەکرێت نوێنەری زیاتر لە 20 وڵات بەشداری لە لووتکەکەدا بکەن، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە کەرتی غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ