حەماس: پێش واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی بارمتەکان ئازاد دەکەین

12-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکات، کە لە غەززە دەستبەسەرن، ئەمەش پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلانی ئاشتییەکەی بۆ ناوچەکە لە میسر بکات.
 
وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات. 
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات".
 
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن.
 
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە "کۆتاییهێنانە بە شەڕ لە کەرتی غەززە، پتەوکردنی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی."
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە لە لووتکەکەدا بەشدار دەبێت، هەروەها کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و هاوتاکانی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا، جیۆرجیا میلۆنی و پێدرۆ سانچێز، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئامادە دەبن.
 
هیچ زانیارییەک نییە لەبارەی ئەوەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامادە دەبێت یان نا، لە کاتێکدا حەماس رایگەیاندووە بەشداری ناکات، چونکە وەک حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی: "بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی نێوەندگیرە قەتەری و میسرییەکانەوە" لە کاتی گفتوگۆکاندا کاریان کردووە.
 
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە دیارە، نێوەندگیرەکان هێشتا ئەرکێکی قورسیان لەپێشە بۆ مسۆگەرکردنی چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن کە وا بکات ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە، حەماس چەکەکانی رادەست بکات و دەستبەرداری بەڕێوەبردنی غەززە بێت.
 
بەدران گوتی، قۆناخی دووەمی پلانی ترەمپ "چەندین ئاڵۆزی و سەختیی تێدایە"، لە کاتێکدا بەرپرسێکی حەماس، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی چەکدانان "بابەتێک نییە باس بکرێت".
 
هێزی فرەنەتەوە 
 
بەپێی پلانی ترەمپ، لەگەڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە شارەکانی غەززە، هێزێکی فرەنەتەوە لە میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات جێگەی دەگرێتەوە، کە لەلایەن ناوەندێکی فەرماندەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل هاوئاهەنگیی بۆ دەکرێت.
 
رۆژی شەممە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیرید کوشنەر، زاوای ترەمپ، سەردانی غەززەیان کرد.
 
دواتر ویتکۆف، کوشنەر و ئیڤانکای کچی ترەمپ، چوونە تەلئەڤیڤ بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەک لەگەڵ خێزانی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی هێشتا لە غەززە ماونەتەوە. لەوێ ئاپۆرای خەڵک هاواریان دەکرد "سوپاس ترەمپ".
 
ئایناڤ زەنگاوکەر، کە کوڕەکەی بە ناوی ماتان یەکێکە لەو 20 بارمتەیەی کە پێدەچێت هێشتا لە ژیاندا مابن، گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوارکردن و خەبات تاوەکو هەمووان دەگەڕێنەوە ماڵەوە."
 
زایرۆ شاخار مۆر موندەر، کە مامی بە ناوی ئەبراهام لە کاتی هێرشەکەی حەماسدا رفێندرابوو و تەرمەکەی لە مانگی ئابدا دۆزرایەوە، گوتی: "ئێستا هەست بە هیوا دەکەین، بەڵام ناتوانین و ناوەستین".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.