رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دوای ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل هەموو توونێلەکانی حەماس لە کەرتی غەززە دەتەقێنێتەوە.
لە سێیەم رۆژی ئاگربەستەکەدا، کاتس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەنێوبردنی تونێلەکان لە چوارچێوەی "میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا" دەبێ.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئاڵنگارییە گەورەکە بۆ ئیسرائیل دوای قۆناخی وەرگرتنەوەی بارمتەکان، وێرانکردنی هەموو توونێلە تیرۆریستییەکانی حەماس دەبێ لە غەززە."
کاتس گوتیشی: "فەرمانم بە سوپا کردووە خۆی بۆ ئەم ئەرکە ئامادە بکات."
حەماس تۆڕێکی توونێلی لەژێر کەرتی غەززە هەیە کە بەتایبەتی لەلایەن کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەوە بەکاردەهێندرێن.
ئیسرائیل دووپاتیکردووەتەوە کە لە دوو ساڵی ئەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆری لەو توونێلانەی وێران کردووە.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە رۆژی پێنجشەممە راگەیێندرا، حەماس 48 بارمتە رادەست دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل 250 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە سزای زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرکراوە، لەگەڵ ئازادکردنی هەزار و 700 فەلەستینیی دیکە کە لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون.
حەماس رۆژی شەممە دووپاتیکردەوە کە بەیانیی رۆژی دووشەممە بارمتەکان ئازاد دەکرێن.
کاتس ئاماژەی بەوەشکرد، وێرانکردنی توونێلەکان لە چوارچێوەی "پرۆسەی چەکداماڵین"ی بزووتنەوە فەلەستینییەکەدا دەبێ، کە لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، هەرچەندە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پلانەکە هێشتا پێویستی بە گفتوگۆیە.
حوسام بەدران، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس رۆژی شەممە رایگەیاند، چەکی بزووتنەوەکەیان شتێکی "ئاساییە" و دووپاتیکردەوە کە "پابەندن بە وازنەهێنان لە چەکەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ