نەتەنیاهوو دوای ئازادکردنی بارمتەکان داوای یەکڕیزیی ئیسرائیل دەکات

12-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە دانی بەو مشتومڕەدا نا کە لەسەر مامەڵەکردنی لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەدا هەیە، بەڵام داوای کرد ئازادکردنی نزیکی بارمتەکان ببێتە ساتێکی یەکڕیزی.
 
رۆژی یەکشەممە 12-10-2025 نەتەنیاهوو لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەمە ئێوارەیەکی سۆزدارانەیە، ئێوارەی فرمێسک، ئێوارەی خۆشی، چونکە سبەی منداڵەکانمان دەگەڕێنەوە سنوورەکانمان."
 
نەتەنیاهوو گوتیشی: "سبەی سەرەتای رێگەیەکی نوێیە، رێگەی ئاوەدانکردنەوە، رێگەی ساڕێژبوون، هیوادارم رێگەی دڵە یەکگرتووەکان بێت."
 
هەندێک لە خێزانی ئەو بارمتانەی لە غەززە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، رەخنەیان لە نەتەنیاهوو گرتووە بەوەی گوایە سەرکەوتنی سەربازیی لەپێش ئازادکردنی ئەوانەوە داناوە. رۆژی شەممە، کاتێک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لەبەردەم گردبوونەوەیەکدا ستایشی سەرکردایەتیی نەتەنیاهووی کرد، هەندێک لە ئامادەبووان هوهایان کێشا.
 
بەڵام سەرکردە ئیسرائیلییەکە لەلایەن راستڕۆکانیشەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، لەنێویاندا ئەندامانی تووندڕۆی نێو کابینەکەی خۆی، ئەمەش بەهۆی رازیبوونی بە گۆڕینەوەی زیندانیان.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "ئەمە رووداوێکی مێژووییە کە خەم لەسەر ئازادکردنی بکوژان لەگەڵ خۆشیی گەڕانەوەی بارمتەکاندا تێکەڵ دەکات."
 
لە کۆتاییدا گوتی: "دەزانم ناکۆکیی زۆرمان لەنێواندایە، بەڵام لەم رۆژەدا هەموو هۆکارێکمان هەیە بۆ ئەوەی بیانخەینە لاوە، چونکە پێکەوە سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە