حووسییەکان: هێرشمان کردە سەر سێ کەشتیی سەربازیی ئەمریکا

12-11-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە دەریای عەرەبی و دەریای سوور هێرشیان کردە سەر سێ کەشتیی سەربازیی ئەمریکی، یەکێک لە کەشتییەکان کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن-ە.

رۆژی سێشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2024 یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە دەریای عەرەبی بە ژمارەیەک مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن. 

ئەو گوتەبێژە دەشڵێت، لە دەریای سووریش هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی "تێکشکێنەری" ئەمریکی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم دوو هێرشە نزیکەی 8 کاژێریان خایاندووە.

تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا هیچیان لەبارەی هێرشەکەوە نەگوتووە.

هێرشەکەی حووسییەکانی یەمەن لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ میدیای یەمەن بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەمریکا سێ هێرشیان کردە سەر شاری حودەیدە لە رۆژئاوای وڵاتەکە.

بەگوێرەی میدیای یەمەن، چوارەم رۆژی لەسەریەکە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بنکە و بارەگاکانی حووسییەکانی یەمەن لە حودەیدە، سەنعا، عەمران و سەعدا بەئامانج دەگرن.

تاوەکو ئێستا حووسییەکانی یەمەن هیچیان لەبارەی زیانە ماددی و گیانییەکان بڵاونەکردووەتەوە.

لە تشرینی یەکەمی 2023وە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانەی دەریای سوور کردووە کە بە نزیک لە ئیسرائیل و ئەمریکا دادەندرێن، یان لەوانەوە نزیکن. لەو کاتەوە بە درۆن و مووشەک لە لانیکەم 100 کەشتیی بازرگانییان داوە؛ ئەمەش وەکو پاڵپشتییەک بۆ کەرتی غەززە.

لە بەرامبەردا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە هەبووە و لە 11ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە نزیکەی 10 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپە یەمەنییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە