ئەمریکا هێرشێکی دیکەی کردە سەر حووسییەکان

13-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، هێرشێکی دیکەیان کردووەتە سەر بنکەیەکی حووسییەکان لە یەمەن.
 
رۆژی شەممە، 13-1-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیان کردە سەر پێگەیەکی راداری حووسییەکان لە یەمەن." هێرشەکەی ئەمریکا کاژێر 3:45ـی بەیانی (بەکاتی سەنعا و هەولێر) بووە.
 
سێنتکۆم ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە هەنگاوێک بووە بۆ ئامانجێکی سەربازیی دیاریکراو کە پەیوەندیی بە هێرشەکانی دوێنێ هەبووە بۆ کەمکردنەوەی تواناکانی حووسییەکان لە هێرشکردن سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. لە هێرشەکە کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی و مووشەکی تۆماهۆک بەکارهاتوون.
 
تا ئێستا نە میدیای حووسییەکان و نە سێنتکۆم هیچ ئامارێکی کوژراو و برینداری ئەو هێرشە نوێیەی بڵاونەکردووەتەوە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، لە 19-11-2023ـەوە چەکدارانی حووسییەکان 28 جار هێرشیانکردووەتە سەر چەند کەشتییەکی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. حووسییەکان لەو هێرشانەدا مووشەکی دژە کەشتیی بالیستی، درۆن و مووشەکی کرووزیان بەکارهێناوە.
 
نزیکەی 24 کاژێر لەمەوبەر (هەینی) سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دا گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بووەستێنێت.
دوای هێرشەکە، کاردانەوەکان دەستیان پێکرد و حووسییەکان رایانگەیاند، "ئەمە بێ وەڵام نابێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی ئەو گرووپە بڵاویکردەوە، "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی رەوای ‌‌هێزەکانمانن."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی کە هێرشەکە بە فەرمانی ئەو و بۆ بەرگریی لە خۆکردن کراوە.
 
نووسینگەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هێرشە سەربازییەکان یاسایی بوون. ئامانج لەو هێرشانە ئەوە بوو کە توانای حووسییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوە تاکە رێگە بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان و بەگوێرەی مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون".
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسیەکان گوتی، "ئەمریکا و بەریتانیا 73 جار هێرشیان کردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز، حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون".
 
جگە لە هێرشی سەربازی، وەزارەتی دارایی و دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریاندا سزا بەسەر دوو کۆمپانیادا دەسەپێنن کە یەکێکیان هۆنگ کۆنگی و ئەوی دیکەشیان ئیماراتییە. سزاکە بە تۆمەتی دابینکردنی شمەک بۆ حووسییەکان بوو. ئەو وەزارەتەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، قازانجی فرۆشی ئەو شمەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی حووسییەکان لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەبێت.
 
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری دارایی ئەمریکا بۆ کاروباری هەواڵگریی تیرۆر و دارایی گوتی، "ئەمریکا بەردەوامە لە هەنگاونان دژی تۆڕە داراییە نایاساییەکانی ئێران کە حووسییەکان پارەدار دەکەن و یارمەتیی هێرشەکانیان دەدەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە