حەماس: پابەندین بە ئازادکردنی بارمتەکان لە کاتی خۆیدا

13-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حەماس دەڵێت، پابەندە بەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئیسرائیل کردوویەتی و بارمتەکان لە کاتی خۆی، واتا رۆژی شەممە، ئازاد دەکات. ئەمەش دوای ئەوەی هەڕەشە کرابوو ئەگەر ئازاد نەکرێن، "دۆزەخ بەرپا دەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025، عەبدولـلەتیف قانوون، گوتەبێژی حەماس ریاگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت ئاگربەستەکە جێبەجێ بکەین و داگیرکار ناچار بکەین کە پابەندبن پێیەوە."
 
حەماس رایگەیاند: "پابەندین بە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی داهاتوو و بەگوێرەی ئەو کاتەی دیاریکراوە."
 
چەند سەرچاوەیەکی فەلەستینی ئاماژەیان بەوەکرد کە هەوڵ بۆ پاراستنی رێککەوتنەکە درا، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس هەڕەشەی دواخستنی ئازادکردنی بارمتەکانی کردبوو بەهۆی ئەوەی، "ئیسرائیل پابەندی مەرجەکان نەبووە."
 
ئیسرائیل لە وەڵامدا رایگەیاند، ئەگەر حەماس بەگوێرەی کاتی دیاریکراو کە رێککەوتنی لەسەر کراوە بارمتەکان ئازاد نەکات، جەنگی غەززە دەستپێدەکاتەوە.
 
میدیای فەلەستین ئاماژەی بەوەدا، نێوەندگیرەکان [ئەمریکا، قەتەر و میسر] بەڵێنێکیان لە ئیسرائیل وەرگرتووە کە رێگەبدات کەلوپەلی ئاوەدانکردنەوە، بیناسازی و خانووبەرە ببرێنە غەززە.
 
میدیای فەرمیی میسریش رایگەیاند، کەلوپەلی گەورەی بیناسازی، بلدۆزەر و چەند بارهەڵگرێک کە خانووی جۆری کەرەڤانەی بارکردووە، لە دەروازەی رەفەحەوە ئامادەن بچنە نێو غەززە؛ بەڵام ئیسرائیل رێگەی نەدا.
 
عومەر دۆستری، گوتەبێژێکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: "رێگە بە چوونەژوورەوەی کەرەڤانە و کەلوپەلی قورسی دروستکردنی خانوو نادرێت بۆ غەززە، هیچ هاوئاهەنگییەکیش بۆ ئەمە نەکراوە. نابێت هیچ کەلوپەلێک لە دەروازەی رەفەحەوە بچێتە نێو غەززە."
 
حەماس داوا دەکات رێگە بەو بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە تایبەتانە بدرێت بچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی داروپەردووی کەرتەکە پاکبکرێنەوە.
 
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا "دۆزەخ بەرپا دەکات" ئەگەر تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی شەممە، هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە ئازاد نەکرێن. هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات کە حەماس هەڕەشەی کرد، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە دژی رێککەوتنی ئاگربەست، ئازادکردنی کۆمەڵەی شەشەمی بارمتەکان دوادەخات. 
 
ئاگربەستەکە 19ی کانوونی دووەم چووە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە 15 مانگ لە جەنگی کەرتی غەززە بێنێت. تاوەکو ئێستا حەماس پێنج کۆمەڵە بارمتەی ئیسرائیلیی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرووە. 
 
وەک پشتگیرییەک بۆ قسەکانی ترەمپ، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، جەنگی نوێی غەززە بەبێ بەزاندنی حەماس و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کۆتایی نایەت. ئەمە هەروەها رێگە خۆشکەریش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو روانگەیەی سەرۆک ترەمپ بۆ غەززە هەیەتی، ببێتە راستی."
 
بە گوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، پێویستە لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا کە 42 رۆژە، بارمتەکان بە چەند گەڕێک ئازاد بکرێن. پێویستە لە قۆناخی یەکەمدا، حەماس 33 بارمتە رادەستبکات و لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەزار و 900 بەندکراوی فەلەستین ئازاد بکات.
 
لێدوانێکی دیکەی ترەمپ کە بووە هۆی دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆر "دەست بەسەر داگرتنی غەززە و راگواستنی خەڵکەکەی" بوو.
 
هێشتا قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە دەستی پێنەکردووە و رێککەوتنیش لەسەری نەکراوە، هەردوو لایەنە شەڕکەرەکە شاندی خۆیان ناردووەتە دەوحە بۆ ئەوەی دانوستاندن بکەن. لەلایەکی دیکە، هەردوولا یەکدی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پێشێلی خاڵ و مەرجەکانی نێو رێککەوتنەکەیان کردووە. 
 
رۆژی شەممە 08-02-2025 حەماس و ئیسرائیل پێنجەم کۆمەڵەی بەندکراو و بارمتەکانیان ئاڵۆگۆڕکرد. حەماس سێ بارمتەی پیاو و ئیسرائیلیش 183 بەندکراوی ئازادکرد.
 
رادەستکردنی بارمتەکان ئیسرائیلی تووڕەکرد و رایگەیاند، حەماس بارمتەکانی ناچار کردووە لەژێر گوشار قسە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە