رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، داواکارییەکەی نەتەنیاهوو بۆ لێخۆشبوون لێی هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەداوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، دەبێت خەڵکی ئیسرائیل سەرۆکەکەیان شەرمەزار بکەن.
نووسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند: "داواکارییەکەی سەرۆکوەزیران ئێستا لە وەزارەتی داد لەژێر پێداچوونەوەدایە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی یاسایی بەپێی رێکارە دیاریکراوەکان."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە بەپێچەوانەی قسەکانی ترەمپەوە، هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە و هاتووە: "تەنیا دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسەیە، سەرۆک هێرزۆگ بەپێی یاسا و بەبێ هیچ گوشارێکی ناوخۆیی یان دەرەکی، بڕیار لەسەر داواکارییەکە دەدات."
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، بە تووندی هێرشی کردە سەر ئیسحاق هێرزۆگ و گوتی: "پێموایە دەبێت خەڵکی ئیسرائیل شەرمەزاری بکەن، ئەو شەرمەزارکەرە کە لێخۆشبوونی پێ نەداوە."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 2019ـەوە رووبەڕووی چەندین دۆسیەی گەندەڵی بووەتەوە. تۆمەتەکان پەیوەستن بە رێککەوتن لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن بۆ پیشاندانی وێنەیەکی ئەرێنی لەسەر خۆی، هەروەها وەرگرتنی دیاریی گرانبەها لە ملیاردێرەکانەوە بە بەهای زیاتر لە 260 هەزار دۆلار.
پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، داوای لە سەرۆکی ئیسرائیل کردبوو لێخۆشبوون بۆ نەتەنیاهوو دەربکات. دوای ئەو گوتارە، پارێزەرەکانی نەتەنیاهوو بە فەرمی داواکارییەکەیان پێشکەش کرد.
نەتەنیاهوو کە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە لە کاتی دەسەڵاتەکەیدا دادگایی بکرێت، دۆسیەکە بە "دادگاییەکی سیاسی" ناو دەبات و سەرجەم تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ