دۆخی غەززە لە رەمەزان؛ ئەمریکا داوای ئاگربەست دەکات و حەماس رەتیدەکاتەوە

13-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی کۆشکی سپی داوا لە حەماس دەکەن، بارمتەکان بەتایبەتی ژنان، بەتەمەنەکان و بریندارەکان ئازاد بکەن و ئاگربەستی کاتی قبووڵ بکەن، بەڵام حەماس رەتیدەکاتەوە. ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان. 
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "ئەمڕۆ ئاگربەست لەسەر مێزە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی شەش هەفتە رابگەیێندرێت و دوای ئەوەش ببێت بە شتێکی درێژخایەن، ئەگەر حەماس بارمتە ژنەکان، بریندارەکان و بەتەمەنەکان ئازاد بکات."
 
ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی بەشێک لە بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس، ئاگربەستی شەش هەفتەیی قبووڵ کردووە، بەڵام حەماس دەڵێت، تەنیا بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی دەبێت و دەیەوێت ئیسرائیل سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.
 
سوڵیڤان گوتیشی، "ئێمە پابەندین بە هەوڵدان بۆ هێنانەدی ئاگربەستێک کە لانیکەم شەش هەفتە بخایێنێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن؛ هەروەها هەوڵ دەدەین ئاگربەستێکی بەردەوامتر بنیاد بنێین، بەڵام ناتوانم پێشنیازی ئەوە بکەم کە ئەوە دەگاتە کوێ."
 
"ئاگربەست نزیک نییە"
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دەوحەی پایتەختی وڵاتەی تیشکی خستە سەر پرسی ئاگربەستی غەززە و گوتی، ئیسرائیل و حەماس لە راگەیاندنی ئاگربەست نزیک نین و هۆشداریشیدا لەوەی کە دۆخەکە بە "ئاڵۆزی" ماوەتەوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئەوان درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان لە غەززە دەدەن. هەروەها گوتی، "کۆتایی بە کارەکەمان لە رەفەح دەهێنین، لەوکاتەی رێگە بە خەڵکی سڤیل دەدەین، خۆیان لە ناوچە مەترسیدارەکان خۆیان بەدووربگرن."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها گوتی، "بۆ بردنەوەی جەنگەکە، دەبێت پاشماوەی چەکدارەکانی حەماس لە رەفەح لەنێوبەرین. ئەگەرنا، حەماس خۆی رێکدەخاتەوە و دەستبەسەر غەززەدا دەگرێتەوە و دەگەڕێینەوە خاڵی سفر."
 
سەرەڕای ئەوەی چەندین هەفتەیە بەنێوەندگیری بەرپرسانی قەتەر، ئەمریکا و میسر گفتوگۆ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە تاوەکو ئاگربەست رابگەیێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ رووینەداوە. 
 
وەزیری دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆکردن بەردەوامن، بەڵام دۆخی غەززە "بە ئاڵۆزی" ماوەتەوە.
 
حەماس ئاگربەست رەتدەکاتەوە
 
هەفتەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس پێشنیازی ئاگربەستی 40 رۆژەی رەتکردەوە، بەگوێرەی پێشنیازەکە، دەبووایە 40 رۆژ ئاگربەستی شەڕ رابگەیێندرێت، 40 بارمتەی ئیسرائیلی نەخۆش و بەتەمەن و منداڵ لە بەرامبەر 400 زیندانی فەلەستینی ئازاد بکرێن، رێگە بە 500 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بدرێت، رۆژانەش 8 کاژێر هیچ فڕۆکەیەکی چاودێری بە ئاسمانیی غەززەدا نەسوڕێتەوە.
 
بەرپرسانی حەماس دەڵێن، دەبێت ئیسرائیل سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە و ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیێندرێت، بەڵام ئیسرائیل ئاگربەستی درێژخایەن رەتدەکاتەوە و رژدیشە لەسەر ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی نەوەستێت تاوەکو حەماس بە یەکجاری لەنێودەبات.
 
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 31 هەزار و 184 کەس کوژراون و زیاتر لە 72 هەزار و 882 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەیەک لە بەیرووتی پاتەختی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانی ئیسرائیل وێران بووە.

حیزبوڵڵا بە بڕی 77 ملیۆن دۆلار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی جەنگ دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، بزوتنەوەکە 50 ملیۆن دۆلاری داوەتە زیانلێکەوتووانی شەڕی لوبنان و ئیسرائیل. دەشڵێت، قەرەبووەکە بۆ 77 ملیۆن دۆلار زیاد دەکەن.