بایدن بە ئێران دەڵێت 'نەکەی' و ئێرانیش دەڵێت 'ئیسرائیل تەمبێ دەکەین'

13-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران کە هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل؛ بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێرشی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بێ وەڵام نامێنێتەوە. هاوکات گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیش زیاتر دەبن.
 
رۆژی هەینی 12-04-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشبینی دەکەم ئێران زوو هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، نەوەک درەنگ."
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پرسیار لە جۆ بایدن کرا، کەی ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەکەی دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی، "نامەوێت بچمە نێو زانیارییە پارێزراوەکان، بەڵام پێشبینیی من ئەوەیە کە زوو بیکات، نەوەک درەنگ."
 
پرسیارێکی دیکە لەبارەی ناردنی سەرباز و هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەرۆکی ئەمریکا کرا، لە وەڵامدا بایدن گوتی، "پابەندین بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئێمە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین. یارمەتیدەر دەبین لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئێران سەرناکەوێت."
 
بەڵام ئێران سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی ئیسرائیل. سەرچاوەیەک کە ئاگاداری بابەتەکەیە رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە 11-04-2024 بە ئەنالینا بێربۆک، هاوتا ئەڵمانییەکەی گوتووە، "ئێران بڕیاری داوە وەڵامی بۆردوومانی ئیسرائیل بداتەوە کە هەفتەی پێشوو کردیە سەر کۆنسوڵخانەکە لە دیمەشق."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی، "هێرشەکە بە شێوەیەکی گونجاو و سنووردار دەبێت."
 
هاوکات جەنەراڵ مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ناسراو بە سێنتکۆم، رۆژی 11-04-2024 بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە گەیشتە ئیسرائیل.
 
بڕیار بوو کوریلا تەنیا ئەو رۆژە لەوێ بمێنێتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل باسی شێوازی پاراستنی ئیسرائیل لە هەر هێرشێک بکەن، بەڵام مانەوەی درێژ کردەوە.
 
هاوکات بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، واشنتن "کەرەستەی سەربازیی زیاتر" دەنێرێتە ناوچەکە بۆ بەهێزترکردنی توانای بەرپەرچدانەوە و پاراستنی باشتری هێزەکانی.
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "ئیدارەی بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە، لە ئەگەری هەر وەڵامدانەوە و هێرشێک بۆ سەر ئێران، ئاگاداری ئەمریکا بکاتەوە و راوێژیان پێبکات."
 
پێشبینییەکان بۆ کاتی هێرشەکە
 
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، دەکرێت لە 24 تاوەکو 48 کاژێری داهاتوودا بکرێت و "رەنگە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل بێت."
 
ئەو بەرپرسە بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، ئیسرائیلییەکان خۆیان بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران بۆ سەر باشوور یان باکووری ئیسرائیل ئامادە کردووە.
 
بەڵام بەرپرسێکی ئێرانیش لەو بارەوە قسەی کردووە و گوتوویەتی، هێشتا تاران بڕیاری کۆتایی نەداوە کەی هێرشەکە بکات.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کە پشتی بە قسەی راوێژکارێکی سوپای پاسداران بەستووە، سوپای پاسداران ژمارەیەک بژارەی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل داوەتە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران. یەکێک لەوانە، هێرشی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکی پێشکەوتووی مەودا مامناوەندەوە.
 
ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە تاران و رایگەیاندووە، هەر هێرشێک کاردانەوەی تووندی بەدواوە دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 11ی نیسانی 2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "هەرکەسێک زیانمان پێ بگەیێنێت، زیانی پێدەگەیێنین."
 
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند، "هەر هێرشێکی راستەوخۆی ئێران بۆ ناوچەکانی ئیسرائیل، وەڵامی ئیسرائیلی دژ بە ئێران بەدوادا دێت."
 
زیادبوونی گرژییەکانی لوبنان
 
یەکێک لەو هێزانەی ئێران لە ناوچەکەدا یارمەتیی دەدات، حیزبوڵڵای لوبنانییە.
 
ئەمڕۆ هەینی، ئەفیغای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان ژمارەیەک پێگەی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە. حیزبوڵڵاش رایگەیاند، "دەیان" مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە.
 
ئەدرعی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە لەگەڵیدا نووسیویەتی، "فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک باڵەخانەی سەربازی لە باشووری لوبنان کە ئەندامانی حیزبوڵڵایان تێدابوو."
 
ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، حیزبوڵڵای لوبنان بڵاویکردەوە، "دەیان کاتیۆشا"ی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
لە راگەیێندراوی حیزبوڵڵادا هاتووە، "وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژیی دووژمن بۆ سەر گوندە خۆڕاگرەکانی باشوور و ماڵە سڤیلەکان، موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی کاژێر 20:00ی شەوی هەینی، پێگەکانی دووژمنیان لە زاعورە بە دەیان کاتیوشا بۆردوومانکرد."
 
سوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 40 مووشەک" لە سنووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و "زۆربەیان بەرپەرچدرانەوە و ئەوانی دیکەش لە ناوچە چۆڵەکاندا کەوتنە خوارەوە بێ ئەوەی زیانیان هەبێت."
 
دیمەنی هێرشەکە دەری دەخات، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل کە بە گومەزی ئاسنین دەناسرێت، بەرپەرچی مووشەکەکانی داوەتەوە.
 
ئیتاڵیا داوا لە تاران دەکات دانبەخۆیدا بگرێت
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە و داوای لێکردووە، "ئێران دانبەخۆیدا بگرێت."
 
تاجانی گوتی، "ناکرێت لەم کاتە ناسەقامگیرەی ئێستادا گرژییەکان زیادبن. پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی پیشانبدەن."
 
هاوشێوەی ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئوسترالیاش داوایان لە ئێران کرد رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی شەڕێکی دیکە نەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کردبا کە کرایەسەر شوێنێکی دیپلۆماسی، لەوانە بوو پێویستی نەکردبا ئێران بۆ تەمبێکردنی ئیسرائیل هەنگاوێک بنێت.
 
هۆکاری ئەم گرژییانە چییە؟
 
رۆژی 01-04-2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و 7 کەس لە سوپای پاسداران کوژران.
 
دووان لەوان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بوون بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی.
 
ئێران هەر زوو ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و ئیسرائیلیش هیچ لێدوانێکی لەسەر رووداوەکە نەدا.
 
بەرپرسانی باڵای ئێران دەستیان بە هەڕەشە کرد و گوتیان، "بێ وەڵام نامێنێتەوە."
 
دوایین هەڕەشەی ئێران لەسەر زاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوو کە لە گوتاری رۆژی جەژندا لە تاران گوتی، ئیسرائیل "تەمبێ دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە