دۆناڵد ترەمپ گەیشتە سعودیە و شازادەی جێنشین پێشوازی لێکرد

13-05-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دۆناڵد ترەمپ لەلایەن محەممەد بن سەلمانەوە پێشوازی لێکرا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ لەلایەن محەممەد بن سەلمانەوە پێشوازی لێکرا. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەکو یەکەم گەشتی دیپلۆماسی لە پاش هەڵبژاردنەوەی، گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پێشوازی لێکرا.
 
بڕیارە سەردانەکەی ترەمپ چوار رۆژ بخایێنێت و جگە لە سعودیە، سەردانی قەتەر و ئیماراتیش بکات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەردوو خولی سەرۆکایەتیدا یەکەمجار سەردانی سعودیەی کردووە، لە کولتووری سەرۆکەکانی پێش خۆی لایدا کە هەمیشە یەکەمجار سەردانی بەریتانیا، کەنەدا یان مەکسیکیان دەکرد.
 
کاتێک لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا یەکەم جار سەردانی سعودیەی کرد (20-5-2017) میلانیای هاوژینی لەگەڵدا بوو. فەرشی سووری بۆ راخرابوو (ئەمجارەیان مۆر). هەروەها لەلایەن شا سەلمان پێشوازی لێکرا.
 
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "بەرەو سعودیە، قەتەر و ئیمارات بەڕێدەکەوم. سەردانەکەم مێژوییە".
 
بەپێی زانیارییەکان، ترەمپ چاوی لەوەیە بە چەند رێککەوتن و وەبەرهێنانێک بگەڕێتەوە کە بەهاکەیان نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلارە. بەگوێرەی پلانی گەشتەکە، فڕۆکەکەی ترەمپ سەرەتا لە ریاز دەنیشێتەوە، دواتر دەچێتە دەوحە و پاشان لە ئەبوزەبی کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی وەبەرهێنان، بازرگانی، چەک و وزە؛ هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییەکان سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات؛ لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو بەدوای گەرەنتیی ئەمنی ئەمریکادا دەگەڕێن، ترەمپیش دەیەوێت نرخی نەوت دابەزێنێت و کێشەکانی ئێران، ئیسرائیل و فەلەستین چارەسەر بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە