رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی سەردانە سێ رۆژییەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵێنی داهاتوویەکی جیاوازی بە ناوچەکە دا. ترەمپ لە ریاز رایگەیاند: "ئەمڕۆ هاتووم باس لە داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەم. لە چوار مانگی یەکەمی ئیدارەکەماندا دەستکەوتی زیاترمان بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو هەبووە."
رۆژی سێشەممە 13-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاوشێوەی یەکەم گەڕی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2017، یەکەم وێستگەی سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، شاری ریازی پایتەختی سعودیە بوو.
ترەمپ رایگەیاند، نەهاتووە بە زۆر خەڵکی ناوچەکە بگۆڕێت، بەڵکو ئەوە خەڵکی ناوچەکەن گۆڕانکارییان دروست کردووە و ئیدارەکەشی ئامادەیە هاوکارییان بکات.
گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا
ترەمپ دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ سعودیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی سعودیە 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات، بەشداری لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکا – سعودیە کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
ترەمپ گوتی: "هەشت ساڵ لەمەوبەر لە هەمان هۆڵدا وەستام و چاومان لە داهاتوویەک بوو کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە رووبەڕووی هێزی تیرۆریزم و تووندڕۆکان ببنەوە و لەنێویان ببەن، تاوەکو ناوچەکە ببێتە یەکێک لە پێشکەوتووترین و خۆشگوزەرانترین ناوچە لە جیهاندا. ئێستا دەبینین کە نەوەیەکی نوێی سەرکردەکانی ئەم ناوچەکە ناکۆکییەکانی رابردوویان لابردووە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ ناوچەکە دابین دەکەن، رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست بونیات دەنێن کە لەسەر بنەمای بازرگانی و کار پێناسە دەکرێ نەوەک ئاژاوە؛ ناوچەیەک کە تەکنەلۆژیا هاوردە دەکات نەوەک تیرۆریزم."
پێشکەوتنی ریاز و ئەبوزەبی
ترەمپ رەخنەی لە سیاسەتەکانی رابردووی وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا گرت بەوەی ویستوویانە بە زۆر ویستی خەڵکی خۆیان بەسەر کولتوور و دابونەریتی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بسەپێنن.
ترەمپ گوتی: " گرنگە جیهان بزانێت کە ئەو گۆڕانکارییەی هەیە لەنێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دروست بووە، نەوەک لە ئەنجامی دەستوەردانی رۆژئاوا و ئەوەی خەڵک بە فڕۆکەی گرانبەهاوە بێننە ئێرە و ئامۆژگاریتان بکەن چۆن بژین و کاروباری خۆتان چۆن بەڕێوەبەرن. دیمەنە جوانەکانی ریاز و ئەبوزەبی لەلایەن بەناو بونیاتنەرانی نەتەوەوە نەبوو. ئەوانە نەبوون ترلیۆنان دۆلاریان خەرج کرد و شکستیان هێنا لە گەشەپێدانی کابوول و بەغدا و زۆر شوێنی دیکە، بەڵکو رۆژهەڵاتی نێوەراستە نوێیەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکە خۆیان بونیات نراوە. لەلایەن ئەو خەڵکەوە بونیات نراوە هەموو ژیانیان لێرە بوون. لە کۆتاییشدا ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن بونیاتنەری نەتەوە، زۆرترین نەتەوەیەیان تێکدا. دوای چەندین ساڵ لە ململانێ، ئێستا بۆ دواجار ئەو داهاتووە لە دەستمدانەیە کە نەوەکانی رابردوو تەنیا دەیانتوانی خەونی پێوە ببینن کە شوێنێک بۆ ئاشتی، سەلامەتی، پێکەوەژیان، دەرفەت و داهێنان لێرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت."
"دروستکردنی پەیوەندی سعودیە و ئیسرائیل"
دواتر دۆناڵد ترەمپ چووە سەر پرسی فراوانکردنی رێککەوتنامەی ئەبراهام و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسرائیل.
ترەمپ گوتی: "کاتێک زیاتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر سەرۆکایەتیم جێهێشت، ئەو داهاتووە زۆر ئەستەم دیاربوو، پێکەوە داعشمان لەنێوبرد و هەڵمانوەشاندەوە، دامەزرێنەرەکەیمان لەنێوبرد، ناکۆکییەکانی نێو وڵاتانی کەنداومان چارەسەر کرد و وڵاتانی ناوچەکەمان یەکخستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دووژمنە هاوبەشەکانمان".
ترەمپ رایگەیاند: "ئومێد و خۆزگە و خەونمە کە سعودیە، ئەو شوێنەی زۆر رێزم بۆی هەیە، بەم زووانە بەشداری رێککەوتنامەی ئەبراهام بکات. ئەوە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "هەوڵم دا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنامەی ئەبراهام. ئەو وڵاتانەی بەشداریان تێدا کردووە سوودی زۆریان لێ بینیوە. ئیدارەی بایدن کاری لەسەر ئەو رێککەوتنە نەکرد".
ترەمپ رایگەیاند: "پەیوەندییەکی زیاتر لە 80 ساڵیمان لەگەڵ سعودیە هەیە. ئەمڕۆش دووپات لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەکەمەوە و ئەو پتەوییەش هەر دەمێنێتەوە و وەکو خەڵکی دیکە لێی دەرناچین و بێینەوە، چونکە ئەو پەیوەندییە گرنگە و لەهەموو کات زیاتریش بەهێزتری دەکەین".
"دەرفەتی بەردەم ئێران بەردەوام نابێت"
دواتر دۆناڵد ترەمپ گوتی: " لە چەند مانگێکی کەمدا لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات، گەڕانەوەیەکی خێرای هێزی ئەمریکامان لە ناوخۆ و دەرەوە بەدەستهێنا. ئێستا کار لەگەڵ زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکەین کە بەدوای سەقامگیری و ئارامیدا دەگەڕێن. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە یەکگرتوو بین دژی چەند بکەرێکی ئاژاوە و تیرۆر کە ماونەتەوە و خەونی ملیۆنان و ملیۆنان خەڵکی مەزنیان بە بارمتە گرتووە. گەورەترین و وێرانکارترینی ئەم هێزانە رژێمی ئێرانە کە بووەتە هۆی ئازارێکی لەبیرنەکراوە لە سووریا، لوبنان، غەزە، عێراق، یەمەن و شوێنی دیکە. هیچ جیاوازییەکی روونتر نییە لە نێوان ئەو رێگایەی ئێوە لە دوورگەی عەرەبی گرتووتانەتە بەر و ئەو کارەساتەی لەوبەری کەنداو لە ئێران روودەدات".
ترەمپ رایگەیاند: "من ئەمڕۆ لێرەم نەوەک تەنیا بۆ ئەوەی ئاژاوەی رابردووی رێبەرانی ئێران سەرکۆنە بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی رێگەیەکی نوێ و زۆر باشتریان پێشکێش بکەم بەرەو داهاتوویەکی زۆر باشتر و پڕ هیواتر. وەک چەندین جار نیشانم داوە، من ئامادەم کۆتایی بە ناکۆکییەکانی رابردوو بهێنم و هاوبەشی نوێ دروست بکەم بۆ جیهانێکی باشتر و سەقامگیرتر، تەنانەت ئەگەر جیاوازییەکانمان زۆر قووڵیش بن کە بێگومان لە دۆخی ئێراندا وایە".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "هەرگیز باوەڕم بە هەبوونی دووژمنی هەمیشەیی نەبووە. جیاوازم لەوەی زۆربەی خەڵک بیری لێدەکەنەوە. من حەزم لە دووژمنی هەمیشەیی نییە. دەمەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم. ئەگەر بتوانم رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، زۆر دڵخۆش دەبم ئەگەر بتوانین ناوچەکەتان و جیهان بکەینە شوێنێکی ئارامتر. بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی ئێران ئەم چڵە زەیتوونە رەت بکاتەوە و بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر دراوسێکانی، ئەوا هیچ بژاردەیەکمان نابێت جگە لەوەی کە گوشاری زۆری بخەینە سەری، هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنینە سفر، وەک پێشتر کردم. ئەوان تا رادەیەک وڵاتێکی داڕماو بوون بەهۆی ئەوەی من کردم. هیچ پارەیەکیان بۆ تیرۆر نەبوو. هیچ پارەیەکیان بۆ حەماس یان حیزبوڵڵا نەبوو. هەموو هەنگاوێک دەگرینە بەر کە پێویستن بۆ راگرتنی رژێم لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت."
ترەمپ لەبارەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی و ئێران گوتی: "ئێران دەتوانێت داهاتوویەکی زۆر رووناکتری هەبێت، بەڵام هەرگیز رێگە نادەین ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی تیرۆریزم یان هێرشی ئەتۆمییان لەسەر بێت. بژاردەکە هی ئەوانە. بە راستی دەمانەوێت ئەوان ببنە وڵاتێکی سەرکەوتوو. دەمانەوێت ببنە وڵاتێکی شکۆدار، ئارام و گەورە. بەڵام ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت.
ئەمە پێشنیازێکە کە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام نابێت. کاتەکە... ئێستایە بۆ ئەوان کە هەڵبژێرن. ئێستا، کاتێکی زۆرمان نییە چاوەڕێ بکەین. شتەکان بە خێراییەکی زۆر روودەدەن. لێرە روودەدەن. بە خێرایی روودەدەن، کەواتە دەبێت ئێستا هەنگاوی خۆیان بنین".
مامەڵەکردن لەگەڵ حووسییەکان
ترەمپ باسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ حووسییەکانی یەمەن کرد و رایگەیاند، ئەو نایەوێت هێز بەکاربێنێت و دژی شەڕە، بەڵام ئەگەر ناچار بوو بەکاری دەهێنێت، هەروەک چۆن ماوەی رابردوو دژی حووسییەکان ئەو کارەی کرد.
ترەمپ گوتی: "لە چەند هەفتەی رابردوودا و دوای هێرشی بەردەوامیان بۆ سەر کەشتیە ئەمریکییەکان و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئازادیی هاتووچۆی دەریا لە دەریای سوور، ئەمریکا زیاتر لە هەزار و 100 هێرشی کردە سەر حووسییەکانی یەمەن و لە ئەنجامدا رازی بوون بە راگرتنی هێرشەکانیان و رایانگەیاند چیدیکە ئەوەیان ناوێت".
ترەمپ رایگەیاند، حووسییەکان "بەڵێنیاندا چیدیکە کەشتی بازرگانی نەکەن ئامانج، زۆر خۆشحاڵیش بوون کە ئێمە هێرشەکانمان راگرتن".
ترەمپ لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە ناوچەکە قسەی کرد و رایگەیاند :"لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە سوپای ئەمریکا توانیویەتی 83 گەورە تیرۆریست لەناوبەرێت کە لەنێوان عێراق، سووریا و سۆماڵیا بوون."
"داهاتووی غەززە"
زیاتر لە 19 مانگە چەنگی غەززە بەردەامە و ترەمپ جارێکی دیکە رایگەیاند، ئەگەر ئەو سەرۆک بووایە، ئەو شەڕە هەرگیز رووینەدەدا و پاشان چووە سەر باسی داهاتووی ئەو کەرتە و گوتی: "هەوڵی زۆرمان داوە سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەین کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، ژمارەیەکی زۆرمان گەڕاندوونەتەوە و ژمارەیەکی دیکەش دەگەڕێنینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "بەم دواییە دوا بارمتەی ئەمریکیمان ئازاد کرد و بەردەوامیشین لە هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە. خەڵکی غەززە شیاوی داهاتوویەکی باشترن، بەڵام ئەو داهاتووە هەرگیز نایەتەدی ئەگەر سەرکردەکانیان خەڵک بڕفێنن و ئەشکەنجەیان بدەن، خەڵکی بێتاوان و سڤیل بکەنە ئامانج."
"هەڵگرنی سزاکان لەسەر سووریا"
پاشان دۆناڵد ترەمپ چووە سەر کێشەی سووریا و سیاسەتێکی نوێی واشنتنی راگەیاند کە زیاتر لەسەر بنچینەی داواکاریی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پەیڕەوی دەکات.
خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە و کۆچبەر بوون.
ترەمپ هەروەها گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، "ئیدارەکەم یەکەمین هەنگاوەکانی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا، بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیەیەکدا. بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا لە رۆژانی دوایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا کۆدەبێتەوە."
"لاپەڕەیەکی نوێ لە لوبنان"
لە کۆتاییشدا، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆخی لوبنان کرد و رایگەیاند، واشنتن ئامادەیە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لوبنان هەڵبداتەوە و گوتی: "دۆستێکی زۆر نزیکم لە نیویۆرک بووەتە باڵیۆز کە کاری باش دەکات. قسەم لەگەڵ کرد و پێم گوت رەنگە ئەو پۆستە زۆر مەترسیدار بێت، بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتی من لەوێ لەدایک بووم و لوبنانیم و وڵاتەکەمم خۆشدەوێت".
ترەمپ گوتی: ئەوەی بەسەر لوبنان هاتووە جێگەی نیگەرانییە؛ لوبنان بووەتە قوربانییەکی بەردەوامی حیزبوڵڵا و سپۆنسەرەکەیان کە ئێرانە، بەڵام ئێستا لە ژێر چەتری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانێکی نوێ دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە پێش و ئێمەش کاریان لەگەڵ دەکەین تاوەکو داهاتوویەکی باشتر بۆ لوبنان دابین بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ