نووسینگەی نەتەنیاهوو: سەرۆکوەزیران لە کاتی جەنگی ئێراندا بە نهێنی سەردانی ئیماراتی کردووە

45 خولەک له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان لە کاتی جەنگی وڵاتەکەی و ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، بە "نهێنی" سەردانی ئیماراتی کردووە و لەگەڵ میری وڵاتەکە کۆبووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاوی کردەوە: "لە کاتی ئۆپەراسیۆنی 'نەڕەی شێر'، سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو سەردانێکی نهێنی بۆ ئیمارات کردووە و لەوێ چاوی بە شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، میری ئیمارات کەوت."
 
ئەو راگەیێندراوە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئیسرائیل لە کاتی جەنگی دژی ئێران، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "گومەزی ئاسنین" و ستافێکی پسپۆڕی بۆ کارپێکردنی، رەوانەی ئیمارات کردووە تاوەکو توانای بەرگریی ئەو وڵاتە بەهێزتر بکات.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەبێ ئەوەی لێدوانەکانی هەکەبی پشتڕاست بکاتەوە، رایگەیاند، ئەم سەردانە "نیشانەی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە پەیوەندییەکانی نێوانمان". 
 
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی، لەوانە کوێت، سعودیە و ئیمارات. لە ماوەی جەنگەکەدا، ئێران لە دوای ئیسرائیل زۆرترین مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی ئیمارات کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە