ئیسرائیل لە هێرشەکانی سەر ئێران دا سێ پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگیی بەکارهێناوە

13-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
فڕۆکەکانی ئیسرائیل کە ئامادەکراون بۆ هێرشەکە
فڕۆکەکانی ئیسرائیل کە ئامادەکراون بۆ هێرشەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینیدا بۆ سەر ئێران سێ پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکەی وڵاتەکەی بەکارهێناوە و یەکێکیش لەو جۆرەی بەکارهێنراوە، بە گرانترین فڕۆکەی جەنگی لە جیهان دا ناسراوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل؛ لەو هێرشەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، نزیکەی 200 فڕۆکەی جەنگی، بۆ بە ئامانجکردنی زیاتر لە 100 پێگەی سەربازی و ئەتۆمی ئێران، 300 جۆر بۆمب و تەقەمەنی بەرداوەتەوە. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە بۆ ئۆپەراسیۆنی "شێری بەئاگاهاتوو"، فڕۆکەکانی جۆری ئێف – 35 یەک و هەروەها فڕۆکەی جۆری ئێف 35 دوو "هەورە برووسکە" بەکارهاتوون.
 
ئەو فڕۆکانە بەوە ناسراون کە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کار دەکەن و دەتوانن لە یەک کاتدا چەندین ئەرک جێبەجێ بکەن و نموونەیە لە لێدانی ورد و شوێنی دوورمەودا. 
 
هەروەها توانای خۆشاردنەوە و بەدینەکردن لە سیستمی رادارییان هەیە. 
 
فڕۆکەی ئێف 35، ئەمریکییە و لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروست دەکرێت و لە ساڵی 2006 دروست کراوە و تائێستا هەزار و 170 دانەی دروست کردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل 46 دانەی هەیە و داوای 29 دانەی دیکەشی لە ئەمریکا کردووە و بەگرانترین فڕۆکەی جەنگیی لە جیهاندا ناسراوە و تێچووی تەنیا یەکێک لەو فڕۆکانە لەنێوان 80 بۆ 100 ملیۆن دۆلارە. 

 

جگە لەو فڕۆکانە، هەریەک لە فڕۆکەکانی جۆری ئێف – 15ی یەک و ناسراو بە "سوفا" کە بە واتای "گەردەلوول" دێت و ئێف – 16ی دوو "هەورەبرووسکە" دێت، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەو هێرشانەدا بەکارهاتوون و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی گەورە و فراواندا بەکاریان دەهێنێت. 
 
تائێستاش ئەو فڕۆکانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا و لوبنان بەکارهێناوە و هەروەها ئیسرائیل بەپێچەوانەی وڵاتانی کڕیاری دیکەی ئەو جۆرە فڕۆکانە، مافی تەواوی هەیە لە ئەپدەیتکردن و پێشخستنی سیستمی فرۆکەکان. 
 
فڕۆکەی جۆری ئێف – 15 سوفا بە بەردی بناخەی توانای هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ناسراوە و توانای لێدانی زۆر ورد و درێژمەودای هەیە کە گەورەترین زیان بە ئامانجەکە دەگەیەنێت و لە هەمان کاتیشدا، کەمترین زیان بە دەووروبەری شوێنی هێرشەکە دەگەیەنێت. 
 
سوپای ئیسرائیلی رایگەیاندووە، ئەو جۆرە فڕۆکانە بۆمب و مووشەکی جۆراوجۆر و درێژمەودایان لێبەستراوە و بۆ هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی دژی چەندین پێگەی سەربازیی و ئەتۆمی ئێرانی، جۆرەکانی بۆمبی GBU-39 و مووشەکی جۆری . AIM-120B بەکارهاتوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە