رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی هەڵگری چالاکڤانی لایەنگری فەلەستین و هاوکاریی مرۆیی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە دوورگەی سیسیلی ئیتاڵیاوە بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکەوت. ئەوە لە کاتێکدایە، زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردن و دیپۆرتکردنەوەی سەرنشینانی بەلەمێکی پێشوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە تێدەپەڕێت.
بەلەمی (هەندەلە)کە لەلایەن (هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی)یەوە بەڕێوەدەبرێت، دوای نیوەڕۆی شەممە بەندەری سیراکوسی لە سیسیلی جێهێشت و نزیکەی 15 چالاکڤانی هەڵگرتووە.
دەیان کەس کە هەندێکیان ئاڵای فەلەستینیان بەدەستەوە بوو، لە بەندەرەکە بۆ بەڕێکردنی بەلەمەکە کۆبوونەوە و دروشمی "فەلەستین ئازادە"یان دەگوتەوە.
بەلەمەکە کە پێشتر لە سنوورە ئاوییەکانی نەرویج راوەماسی پێکراوە، بڕێک پێداویستیی پزیشکی، خۆراک، کەلوپەلی منداڵان و دەرمانی بارکردووە. بەلەمەکە بڕیارە نزیکەی 1,800 کیلۆمەتر لە دەریای نێوەڕاست ببڕێت بە ئامانجی گەیشتن بە کەرتی غەززە.
ئەم هەنگاوە دوای شەش هەفتە دێت لە بەڕێکردنی بەلەمی مادلین کە لە ئیتاڵیاوە بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری و گواستنەوەی چالاکڤانان، لەنێویاندا گرێتا تونبێرگ، چالاکڤانی سوێدی بەرەو غەززە بەڕێکەوت. دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەلەمەکەیان لە نزیکەی 185 کیلۆمەتری رۆژئاوای کەناراوەکانی غەززە راگرت.
هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی دەڵێت، ئەم ئەرکە نوێیە پەیامێکی هاوسۆزییە لەلایەن خەڵکی جیهانەوە و دەڵێن، بێدەنگ نابن، لەکاتێکدا خەڵکی غەززە برسییەتی و ناوچەکە بۆردوومان دەکرێت.
جەنگی غەززە بەهۆی هێرشی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس. لە کۆی 251 کەس کە لەو رۆژەدا بە بارمتە گیران، 49 کەسیان لە غەززە ماون و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 27 کەسیان مردوون.
تەندروستیی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێت، لانیکەم 57,882 فەلەستینی کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ