نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش لە عێراق و سووریا 5 هەزار بۆ 7 هەزار ئەندامی هەیە

13-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان حەڤدەیەمین راپۆرتی خۆی لە بارەی هەڕەشەکانی داعش پێشکێش بە ئەنجوومەنی ئاساییش کرد. 
 
گرنگترین خاڵەکانی "راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردنی وڵاتانی ئەندام لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکە" ئەمانەی خوارەوەن:
 
سەرچاوە داراییەکانی داعش
 
- سەرانە وەرگرتن و رفاندنی خەڵک و ئازادکردنیان لە بەرامبەر پارە، سەرچاوەی سەرەکیی پەیداکردنی داهاتی داعشن.
 
- زەوتکردنی پارەی خەڵک و کۆکردنەوەی ئەو پارەیەی داعش بە خێر دەیزانێت، بەشێکی دیکەی سەرچاوە داراییەکانییەتی. 
 
- داعش لە رێگەی بازرگانیکردن بە زێڕ، قاچاخچێتیی چەک، دزینی مەڕوماڵات، راوکردن، دانانی باج لەسەر چالاکیی ئابووری پارەی دەستدەکەوێت. 
 
- داعش لە رێگەی دەستگرتن بەسەر کشتوکاڵ، بازرگانی و ماسیگری لە دەریاچەی چاد، هەروەها رفاندنی خەڵکی سڤیل لە نایجیریا، بڕێکی بەرچاوی پارەی کۆکردووەتەوە. 
 
- حەواڵە و ناردنی پارە لەگەڵ خەڵک، شێوازی سەرەکیی گواستنەوەی پارەی داعش بوون، بەڵام تاوەکو دێت گرووپە پەڕگیرەکە زیاتر خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و دراوی ئەلیکترۆنی (کریپتۆکەرنسی)ش بەکاردێنێت. 
 
کەمبوونەوەی داهاتی داعش
 
- بەهۆی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان گیراونەتەبەر، داهاتی داعش کەمبووەتەوە. 
 
- پێشتر داعش لە نێوان 25 تا 50 ملیۆن دۆلاری هەبوو، بەڵام ئێستا زۆر لەوە کەمتری ماوە و لە کەمبوونەوەی بەردەوامیشدایە. 
 
بەکارهێنانی پارە لەلایەن داعشەوە
 
- داعش سەرچاوە داراییەکانی بەکاردێنێت بۆ ئەوەی پارە بە خێزانی ئەو چەکدارانەی بدات کە کوژراون یانیش زیندانیکراون، هەروەها وەکو بەرتیل بۆ ئەوەی بەندکراوەکانی ئازادبکات. 
 
- وڵاتانی ئەندام تێبینی پارەدانی پچڕپچڕی داعش بە سەرکردە و بەندکراوەکانیان کردووە. 
 
- پارەدان بە سەرکردەکان و نەبوونی پارە بۆ چەکدارەکانی داعش پیشانیدەدات کە رێکخراوە پەڕگیرەکە پێویستی بەوەیە سەرچاوە داراییە سنووردارەکانی زیاد بکات. 
 
ژمارەی چەکدارانی داعش 
 
- لە عێراق و سووریا، داعش بەردەوامە لە هەبوونی 5 هەزار بۆ 7 هەزار ئەندام کە زۆربەیان شەڕکەرن.
 
- نزیکەی 11 هەزار چەکدار، ئەندامی گومانلێکراو، یان ئەندامی پێشووی داعش لە ناوەندەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا راگیراون، کە زیاتر لە 3500 یان عێراقی و نزیکەی 2000ی دیکەیان خەڵی نزیکەی 70 وڵاتن.
 
- لقی داعش لە لیبیا مەزەندە دەکرێت لە نێوان 300 بۆ 500 چەکداری هەبێت.
 
- لقی داعش لە یەمەن بە نزیکەی 100 چەکدار مەزەندە دەکرێت.
 
- داعش لە سۆماڵ مەزەندە دەکرێت لە نێوان 100 بۆ 200 چەکداری هەبێت.
 
- لقی داعش لە ساحلی ئەفریقا، لە نێوان 100 بۆ 240 چەکداری هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە