عێراق و تورکیا لیژنەى هاوبەش بۆ گومرگ پێکدەهێنن

13-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو لیژنەى پەیوەندیداری عێراق و تورکیا بۆ تاوتوێکردنى گواستنەوەى کاڵا، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان کۆبوونەوە، بڕیاریان دا کار لەسەر بەرزکردنەوەى ئاستى ئاڵوگۆڕی بازرگانى بکەن بۆ 30 ملیار دۆلار، هەروەها لیژنەیەکى هاوبەشى گومرگ پێکبهێنن.
   
چوارشەممە 13ـی ئابى 2025، باڵیۆزخانەى عێراق لە تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکى ئەو کۆبوونەوەى شاندێکى پەیوەندیدارى هەردوو وڵاتی بڵاوکردەوە، کە لە ئەنقەرە کراوە.
 
کۆبوونەوەى شاندى هەردوولا بە بەشدارى سامی عەبدولحوسێن رادی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەروازە سنوورییەکان، گومرگ و گواستنەوە و سێزای ئوچارماک، جێگری وەزیری بازرگانیی تورکیا بووە، باسیان لە میکانیزمەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی کارکردن لە دەروازە سنوورییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی گومرگی کردووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، عێراق و تورکیا لەسەر پێکهێنانی لیژنەی گومرگیی هاوبەش رێککەوتوون، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاریکاری لەنێوان گومرگی هەردوو وڵاتدا، بەشێوەیەک کە ببێتەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاسانکاری بۆ جووڵەی کاڵاکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگاکانی ئاسانکردنی جووڵەی بازرگانی و زیادکردنی توانای لەخۆگرتنی دەروازەکان و پشتیوانیکردنی پرۆژەکانی ژێرخانی پەیوەست بە بازرگانی دوولایەنە و ترانزێت کراوە.
 
باڵیۆزخانەى عێراق لە تورکیا رایگەیاند؛ هەردوولا جەختیان لە پەرۆشیی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی بۆ 30 ملیار دۆلار و بەهێزکردنی وەبەرهێنانی هاوبەش و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری لە رێگەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و دروستکردنی دەروازەی گومرگیی نوێ کردەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە